سەرەڕای بەڵێنی پێشووی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ پاراستنی هێڵەکان لە کاتی قەیراندا، جێگری وەزیری پەیوەندییەکانی ئێران دانی بەوە نا کە لە کاتی سەرهەڵدانەوەی پێکدادان یان ناڕەزایەتیدا، ئەگەری پچڕانی جارێکی تری ئینتێرنێت لە ئارادایە.
وەحید یەزدانیان، جێگری پەرەپێدانی تۆڕی میللیی زانیاری لە وەزارەتی پەیوەندییەکان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە هێشتا ڕوون نییە سنووردارکردنەکان لە چ ئاستێکدا دەبن، بەڵام لە کاتی دۆخی قەیرانیدا ڕۆڵی سەرۆککۆمار و دەوڵەت لە بڕاردان لەسەر پچڕانی ئینتێرنێتدا بەهێزتر دەبێت.
ئەم لێدوانە دژایەتیی ڕوونی لێدوانەکانی پێشووی بەرپرسانی تری وەزارەتەکەی دەکات؛ لەوانە محەممەد حاتەمیزادە، جێگری یاسایی وەزارەت، کە پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتوانێت بەبێ پچڕانی ئینتێرنێت دۆخەکە بەڕێوە ببات.
ڕێژیمی ئێران لە دوای ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ و سەرهەڵدانی شەڕ، دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی بە ئینتێرنێت بۆ چەندین مانگ پچڕاند، هەنگاوێک کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چالاکوانانەوە وەک ئامرازێکی سەرکوتکاری و پەردەپۆشکردنی پێشێلکارییەکان سەرکۆنە کرا.
دووپاتکردنەوەی ئەگەری پچڕانی ئینتێرنێت لەلایەن گەورەبەرپرسانی ڕێژیمەوە، نیشاندەری شکستی بەڵێنەکانی ئەو ڕێژیمە لە پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییانە.
ئەم سیاسەتە ئەمنییەتییە سەلمێنەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئێران هەرچەندە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری و سەربازیی دەرەکی بووەتەوە، بەڵام وەک هەمیشە پەنا بۆ سەرکوتکردنی زانیاری و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی خەڵک دەبات بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەنگدانەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئاشکرابونی ڕەهەندە حوکمڕانییە شکستخواردووەکەی بکات.