لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستان، لانیکەم ۱۲ کەس کوژران و ۳۰۹ کەسی دیکەش بریندار بوون. بەرپرسانی عەرەبستان ڕایانگەیاندووە کە تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان مەترسیدارە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەنێو کوژراواندا چوار هاووڵاتیی عەرەبستان و هەشت هاووڵاتیی بیانی (لەوانە هاووڵاتییەکی ئەمریکا و کەسانی دیکە لە سەر بە وڵاتانی بەنگلادش، فەلەستین، میسر، ئۆردۆن، سووریە و سودان) هەن.
ئەم هێرشە کە زیانی ماددیی بەرچاوی بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر، دووەم ڕووداوی لەو شێوە لە ماوەی چەند ڕۆژدایە و دوای ئەوە بوو کە ڕۆژی پێنجشەممەیش فڕۆکەخانەکە کرابووە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژرابوون.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان حوسییەکانیان وەک بەرپرسیار لەم هێرشە دەستنیشان کردووە؛ گرووپێک کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەگەرچی تا ئێستا حوسییەکان بە فەرمی بەرپرسیارییەتیی ئەم هێرشە نوێیەیان لەئەستۆ نەگرتووە.
ئەم هێرشە ڕاستەوخۆ شەپۆلێکی توندی کاردانەوەی نێودەوڵەتی و لێدوانی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنا.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هێرشەکەی بە "تۆقێنەر و نەگونجاو" ناودێر کرد و ڕایگەیاند واشنگتۆن بە خێرایی بڕیار لەسەر هاوکاریکردنی عەرەبستان لە بەرانبەر حوسییەکاندا دەدات.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش، بە توندی هێرشکردنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی عەرەبستانی مەحکووم کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم پەلامارانەی کرد.
لە هەمان کاتدا، ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ بریتانیا، میسر و ئۆردۆن، هێرشەکەیان بەتوندی مەحکووم کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ عەرەبستان دووپات کردەوە.
هاوکات، هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەریی عەرەبستان هێرشەکەی وەک "تاوانی شەڕ" وەسف کرد و بەڵێنی وڵامدانەوەیەکی قورسی دا.
لە کاردانەوە بەم پەرەسەندنە ئەمنییانە، وڵاتانی ئاڵمان، ئیسپانیا و کانادا لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی ڕیاز هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییانی خۆیان و شیرکەتی هێڵی ئاسمانیی کوەیت گەشتەکانی بۆ ئەو شارە هەڵوەشاندەوە.
شارەزایان پێیان وایە هەڵکشانی ئەم گرژییانە و ئەگەری وڵامدانەوەی سەربازیی هاوپەیمانی یان دەستێوەردانی واشنگتۆن، دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.