کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئەمریکا کەشتییەکی باریی لە دەریای عومان پەک خست

10:22 - 19 رەزبەر 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانیان کەشتییەکی باریی بازرگانییان بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆی دەریایی لە دەریای عومان پەک خستووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، ڕۆژی شەممە ۱۸ی ڕەزبەر، کەشتیی "ئۆشێن مۆلیکا" ناسراو بە "ئاریکا سان" بە ئاڵای پاناما دوای پشتگوێخستنی هۆشدارییەکان، لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە بە مووشەک کراوەتە ئامانج و ماتۆڕەکەی لە کار کەوتووە، بێ ئەوەی زیان بە خەدەمەکەی بگات.

سێنتکام جەختی کردەوە کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی گەمارۆکانەوە، چوار کەشتی پەکخراون و ۱۳۵ کەشتی ناچار بە گەڕانەوە کراون.

سێنتکام هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەم ماوەیەدا ١٠ نەوتهەڵگریان تێکشکاندووە کە پەیوەندییان بە "ناوگانی سایەی" چەند میلیارد دۆلاریی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە هەبووە.

لە ڕووداوێکی جیاوازدا، میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە نەوتهەڵگرێک لە گەرووی هۆرمۆز بەهۆی پێکدادان لەگەڵ مینی دەریایی تەقیوەتەوە.

هاوکات دۆناڵد ترامپ لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەدا هۆشداری دا کە ڕەنگە تاران پێش هەڵبژاردنەکانی ۳ی نۆڤامبر هەنگاوی زیاتر بنێت، بەڵام واشنگتۆن دەتوانێت بە خێرایی کۆتایی پێ بهێنێت.

ترامپ پێشتر جەختی کردبوو کە گەمارۆی دەریایی بە تەواوی هێزەوە درێژەی دەبێت.