بەپێی هەڵسەنگاندنی شیرکەتی زانیاریی وزەی "کێپلێر"، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ڕەنگە داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاو تا کۆتایی مانگی سەرماوەز بە تەواوەتی بپچڕێت.
هۆمایۆن فەلەکشاهی، سەرۆکی بەشی شیکاریی نەوتی خاو لە کێپلێر، ڕایگەیاند کە تاران مانگانە سێ تا شەش میلیارد دۆلار لە داهاتی نەوت لەدەست دەدات.
داتاکان دەریدەخەن کە بڕی نەوتی کۆگاکراوی ئێران لەسەر ئاو، لە ٩٠ میلیۆن بەرمیلەوە لە نێوەڕاستی پووشپەڕدا بۆ تەنیا هەشت میلیۆن بەرمیل دابەزیوە.
لەبەر ئەوەی پاڵاوگە چینییەکان یەک تا دوو مانگ دوای وەرگرتنی نەوت پارەکە دەدەن، چاوەڕوان دەکرێت دوایین داهات تا نیوەی مانگی دێسامبر بگات و دوای ئەوە هیچ داهاتێکی تر نەگاتە وڵاتەکە.
هەروەها، لە تەواوی مانگی سێپتامبردا هیچ بڕە نەوتێک لە بەندەرەکانی ئێران بار نەکراوە، کە ئەمەش یەکەم مانگی تەواو بێ بارکردنی نەوت لە دوای ساڵی ١٣٥٧ە.
شارەزایان دەڵێن گەمارۆی ئەمریکا ڕێگرە لە دەرچوونی کەشتییەکان و ڕێگە جێگرەوەکانی وشکانی لە ڕێگەی عێراقەوە ناتوانن جێگەی هەناردەی دەریایی بگرنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، تورکمەنستانیش بەهۆی نیگەرانی لە سزاکانی ئەمریکا، هەندێک سنووردارکردنی بۆ گواستنەوەی تڕانزێتی ڕەیلی(شەمەندەفەر) لە خاکی خۆیدا داناوە.
داهاتی نەوت بە سەرەکیترین سەرچاوەی دەستکەوتنی دراوی دەرەکی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت. داڕمانی تەواوەتیی ئەم داهاتە، ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێوێنە دەکاتەوە و ئاستەنگی قورس بۆ دابینکردنی بوودجەی نێوخۆیی و پشتیوانیکردنی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دروست دەکات.