کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی پەروەردەی سنە؛ وەرگرتنی پارەی نایاسایی بۆ هەڵبژاردنی بەش

16:04 - 19 رەزبەر 2726

سەرچاوەکانی هەواڵ لە سنە ئاشکرایان کرد کە هەندێک لە کارمەندانی پەروەردەی ناوچەی دووی ئەو شارە، لە بەرانبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ڕێنماییکردنی هەڵبژاردنی بەشی خوێندن بە خوێندکاران، بڕە پارەیەکیان لە بنەماڵەکان وەرگرتووە.

ژمارەیەک لە کارمەندانی پەروەردەی ناوچەی دووی سنە لەنێو بینا و قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا، بڕی ۱ تا ۱.۳ میلیۆن تمەنیان لە خێزانی خوێندکاران وەرگرتووە.

وەرگرتنی ئەم پارانە بێ بەڵگەنامەی فەرمی و بۆ هەژماری کەسی بووە، لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە جەختیان کردووەتەوە کە وەرگرتنی هەر جۆرە پارەیەک هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و سەرپێچییە.

لەلایەکی ترەوە، بەپێی بەڵگە بڵاوکراوەکان، بەشێک لەو ڕێنماییانەی بەخشرابوون لەگەڵ کارنامە و ڕوتبەی ڕاستەقینەی خوێندکاراندا نەدەگونجان.

بنەماڵەکان و چالاکوانان داوا دەکەن دەزگا چاوەدێرییەکان بێنە نێو بابەتەکەوە، پارە وەرگیراوەکان بۆ بنەماڵەکان بگەڕێندرێنەوە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاراندا بکرێت.

هەڵبژاردنی بەشی خوێندن لە زانکۆ یەکێک لە قۆناغە هەستیارەکانی ژیانی خوێندکارانە. وەرگرتنی پارەی نایاسایی لە دامەزراوە فەرمییەکانی پەروەردەدا، جیا لە دروستکردنی بارگرانیی دارایی بۆ سەر بنەماڵەکان، متمانەی گشتی بە سیستەمی پەروەردە ڕووبەڕووی قەیران دەکاتەوە.