کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا: ئێران لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانییەوە توندوتیژی پەرە پێ دەدات

16:10 - 19 رەزبەر 2726

یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتانی جیهان بەتوندی هێرشی حوسییەکانیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڕیاز مەحکووم کرد؛ هێرشێک کە بووە هۆی کوژرانی ۱۲ کەس و برینداربوونی ۳۰۹ کەسی تر. بەرپرسانی ئورووپا، تاران بە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانییەوە تۆمەتبار دەکەن.

ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا ڕایگەیاند هێرشەکانی هێزە نیابەتییەکانی ئێران ناوچەکە دەخەنە نێو زنجیرەیەک لە توندوتیژی و ناوەندەکانی وزە و گواستنەوەی جیهان تووشی نەسەقامگیری دەکەن.

هاوکات کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕووداوەکەی بە کردەوەیەکی تێرۆریستی ناودێر کرد و داوای بەهێزکردنی هاوکارییە دەریاییەکانی کرد.

ئەم هێرشە بە خوێناویترین ڕووداوی دەیەی ڕابردوو لە عەرەبستان دادەنرێت کە تێیدا خەڵکی چەندین وڵات، لەوانە ئەمریکا و ئۆردۆن بوونە قوربانی.

لە وڵامدا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا رایگەیاند کە واشنگتۆن تاوتوێی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە شەڕی دژی حوسییەکاندا دەکات.

پەرەسەندنی هێرش بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان لە کەنداو، ئەمنییەتی ڕێڕەوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی خستووەتە ژێر مەترسییەکی جیددییەوە.

ئەم پەرەسەندنانە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و فراوانبوونی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکەن.