
عەلی فەتحی
دڵپێوەبوون یا دڵبەندی، پێویستییەکی ڕەوانی و عاتفییە. مرۆڤ بە هەبوونی ئەو سۆزە، هەست دەکا لەلایەن کۆمەڵگە، خێزان و دەوروبەرەوە وەرگیراوە و بووەتە ئەندامێکی بەنرخ. بابەتێکە پتر لە ئاشنابوون و ناسینی دەوروبەر، چونکە قبووڵکردن و لەیەکتێگەیشتنیشی لەگەڵدایە و بەرەبەرە ڕێگە خۆش دەکا کەسەکە جێگە و پێگەی خۆی بدۆزێتەوە و هەست بە ئاسایش بکات و کەشێکی لەباری لەبەردەمدا هەبێ بۆ ناسین و دروستکردنی پەیوەندیی قووڵتر و مانادارتر لەگەڵ خەڵکانی دیکە. بە واتایەک، ئیدی لە گۆشەگیری و تەنیایی و لەدەستدانی متمانەبەخۆبوون بێتە دەر و لەوەبەدوا گرینگی بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بدا و بەشداریی چالاکانەی لەگەڵ کەسان و کۆمەڵگەی هەڵسووڕ و کارا هەبێ و بیرکردنەوە نەرێنییەکان لە خۆی دوور بخاتەوە.
یەکەم ژینگە کە مرۆڤ لە سەرەتای دەستپێکی ژیانیدا وەکوو دڵبەندێک خووی پێوە دەگرێ، هەناوی دایکیەتی. دواتریش کە لە دایک دەبێ، باوەشی هەمان ئەو دایکەیە. کۆرپە لە هەردوو قۆناخدا هەست دەکا بە هەبوونی ئەو نیشتمانە بچووکە، دەتوانێ بژی و وەکوو خۆی نرخێکی هەبێ و هەست بە ئارامی و ئاسایش بکا. ئەو هەستەی دڵبەندی ڕەنگە لە سەرەتادا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا بێ، بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمەن و گەشەی جەستەیی و ڕووحی، پانتایی بیرکردنەوە و دڵپێوەبوونیش بەربەرینتر دەبێ. لەخۆڕا نییە کە یەک لە زاناکان دەڵێ: یەکەمین نیشتمانی مرۆڤ باوەشی دایکیەتی و هەر لەوێشەوە مرۆڤ فێر دەبێ دواتر نیشتمانی پان و بەرینتر وەکوو دایک سەیر بکا.
بە کورتە چاوخشاندنێک بە ئەدەبیات و کولتوور و زمانەکانی جیهاندا، دەبینین کە لە زۆربەیاندا دایک و نیشتمان دوو چەمکی تەواو لێکگرێدراون. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە هەردوو چەمکەکە ئاخێزگە و سەرچاوەی ئەمنییەت، ژیان و خۆشەویستیی بێمەرجن بۆ مرۆڤ. لە زۆربەی زمانەکاندا وێژەگەلی وەک زمانی دایکی، نیشتمانی دایک و باوەشی نیشتمان دەخوێنینەوە و ئەگەر وەکوو «وطن»ی عەرەبی یا فارسیش بنووسرێ، دیسان بەراورد کراوە بە دایکێک کە منداڵەکان لە هەناوی ئەودا لەدایکبوونە و هەر ئەویش پەروەردەی کردوون.
چەمکی نیشتمان، نیشتمانی دایک یا سەرزەمینی دایکی یا وەتەن لە باری مێژووییەوە وەکوو نووسراو دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدە. لە فەرهەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرددا هاتووە کە فەڕەنسەوییەکان یەکەمجار ساڵی ١٤٨٣ی زایینی «مەوتەنی دایک یا نیشتمانی دایک»یان دەکار کردووە. هەر لەو فەرهەنگەدا باس دەکرێ کە سکاتلەندییەکانیش سەدەی شازدە لە نووسراوێکدا گوتوویانە: «من چیتر تەحەممولی تۆ ناکەم وەختێک بەپێچەوانەی یاساکانی نیشتمانی دایک خزمەت بە شازادەیەکی بێگانە دەکەیت». جیا لە فەڕەنسەوی و سکاتلەندییەکان، یوونانییەکانیش بەردەوام لە نووسینەکانیاندا کەڵکیان لەو وێژانە وەرگرتووە. هەڵبەت ئینسان بە خوێندنەوەی دەقە کۆنەکانی یوونانی و مێژووی دواتریش، پتر تێ دەگا کە ڕەوتی گەشەی ئەو چەمکانە چۆن بووە. وەک دەزانین یوونانییەکانی سەردەمی چەندخودایی، خاوەن وڵاتێکی یەکپارچە نەبوونە و ئیدەی سیاسی و فەرهەنگی (ئێلێنیسم/ هێلێنیسم) باو نەبووە و دەسەڵاتدارییەتیی ئەوان بە شێوەی دەوڵەتشار بەڕێوە چووە. لەو نێوەدا هەر شارێک خاوەن پاشا و فەرمانڕەوایی خۆی بووە و دواجاریش کۆمەڵە شارێکی تەبا و ڕەبا پێکەوە بەرەیەکیان دامەزراندووە، بۆ وێنە بەرەی ئاتێنییەکان یا لاکێدێمۆنییەکان (سپارتییەکان). سەرەڕای نەبوونی وڵاتێکی یەکپارچە، دانیشتووانی هەر شارێک، وەک نیشتمانپەروەرێک سەیری مەوتەنی لەدایکبوونی کردووە و خۆی بە ئەرکدار زانیوە لە پێناو بەرژەوەندیی زێدەکەیدا تێبکۆشێ و بیپارێزێ. تەنانەت، جیا لە دابەشبوونی مرۆڤە یوونانییەکان بەسەر دەوڵەتشارەکاندا، خوداکانیشیان دابەش بوونە. خوداژنەکان ئاتینا و ئیرا پارێزەری ئاتێنی و ئاخاییەکان بوون و خوداوەند ئاپۆلۆناس و ئاریس و خوداژن ئەفرۆدیت چاویان بەسەر ترۆوایییەکانەوە هەبوو. ئاتێنییەکان ئەوەندە شارەکەی خۆیان خۆش ویستووە، کە ئامادە نەبوونە بە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانە بگۆڕنەوە و تەنانەت خەڵکانی خاوەن ڕەگەزی یوونانی نیشتەجێی دوورگە و شوێنەکانی دیکەیان وەکوو دانیشتوویەک لە ئاتێن کە خاوەن مافی شارۆمەندی بێ، بێ دڵنیابوون لەوەی کە لە پێناو ئاتێندا ئامادەیە گیان بەخت بکا، وەرنەگرتووە.
هەموومان کەموزۆر بەسەرهاتی دەرکرانی حەزرەتی مووسا و شوێنکەوتووانی ئەومان بیستووە. ئەو بەسەرهاتە ئەگەر چیرۆکی ئەفسانەیی بێ یا قەومانێکی ڕاستەقینە، پێمان دەڵێ کە فاکتەرێکی نوێ تێکەڵ بە بنەماکانی یەکگرتوویی نەتەوەیی بووە و ئەویش دینە. کۆچی پێغەمبەر موسا و بەنی ئیسرائیل لە میسر ڕووداوێکی گەورەیە لە مێژووی ئایینەکانی ئیبراهیمدا، چونکە موسا گەلەکەی لە چنگی فیرعەون و ستەمی میسرییەکان ڕزگار دەکا. دواتریش، وەختێک مەسیحییەت دەستی بە بڵاوبوونەوە کرد، ئایین ڕۆڵی گرینگتری گێڕا و زۆر لە نەتەوەکانی ئەو سەردەم ئەو دیاردە نوێیەیان بۆ یەکگرتوویی خۆیان و ئامانجە نیشتمانییەکانیان قۆستەوە. بەجۆرێک کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ئایین و نیشتمانپەروەریدا ساز بوو و تا ئێستاش بەردەوامە. وەختێک یەهوودییەت لە کزی دا و مەسیحییەت جێی گرتەوە، یوونانییەکان خێرا دەرفەتەکەیان قۆستەوە و ئەویشیان کردە یەک لە کۆڵەکە پتەوەکان بۆ ئامانجگەلی نیشتمانی و بەکردەوە لەگەڵ هەستی نیشتمانپەروەری ئاوێتەیان کرد. مەسیحییەتی تازە جێکەوتوو قەوارەی ئەو هێلێنیزمەی بەهێز کرد کە پێشتر دامەزرابوو و تەنانەت لە سەردەمی ئەسکەندەردا گەیشتبووە تەواوی وڵاتانی داگیرکراو. بە واتایەک، ڕەوتێک سەری هەڵدا و ئامانجی ئەویش سەرەتا بوو بە «بەیوونانیکردنی» هەموو ئەو خاکەی یوونانییەکان خستبوویانە ژێر دەسەڵاتیان. لە سەردەمی ژێردەستەییشیاندا بە ئەزموونی دەیان سەدە کەڵکوەرگرتن لەو مەکتەبە فیکرییە، لە بەرامەر هێرشی تورکە ئیسلامییەکان و داگیرکەرانی تردا خۆیان پاراست.
ئاڵوگۆڕەکانی دوای سەرهەڵدانی سیستەمی یەکخودایی یا باشترە بڵێین تاکڕێبازی، پێمان دەڵێ کە زۆرجار ئایین لە ڕێگەی میکانیزمە کۆمەڵایەتی و دەروونییە جۆراوجۆرەکانەوە خزمەتێکی بەرچاوی بە نیشتمانپەروەریی میللەتان کردووە. وێنەی زەقی سەردەمی نوێتر، دەرکەوتنی ئیسلام لای عەرەبەکان، مەسیحییەتی ئۆرتۆدۆکسی ڕووس و یوونانی و کاتۆلیکیی لێهستانییە. عەرەب بەهۆی داگیرکارییەکانی خەلیفەکانی ڕاشیدین، ئەمەوی و عەباسی توانی ببێتە هۆی گۆڕانکاریی سیاسی، ئایینی و کولتووری بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و بەشێک لە ئورووپا و ئاسیای نێوەڕاست. ئەوکات گرینگترین دەرئەنجامی ئەو داگیرکارییانە ئەوە بوو کە جیا لە بەربەرینکردنی خاکی دەوڵەتی ئیسلامی و تەعریبی خاکی زۆربەی گەلان، ئایینی ئیسلامییان بە زەبری شمشێر داسەپاند و بەفەرمییان کرد. لەو نێوەدا زمانی عەرەبیش ئەگەر وەک زمانی یەکەم دانەسەپابێ، وەکوو زمانی دووەم چەسپێندرا. هاوکات، لە زۆربەی شوێنەکاندا کولتوورێک دروست بوو کە تێکەڵەیەک بوو لە فەرهەنگ و مەعریفە و هونەری گەلانی ناوچەکە لەگەڵ کولتووری عەرەبی. کەوابوو نەتەوەی عەرەب تا ئێرە زۆر وریایانە توانی سەرەڕای خۆپارێزی، خاوەن دەسەڵاتێکی بێدەنگ لە ناوچەکەشدا بێ. فارسەکان ڕێگای خۆڕێکخستن لەگەڵ دۆخی نوێیان گرتەبەر و بەرەبەرە ئەزموونی تێکەڵکردنی ئایین و کولتووریان ڕەچاو کرد و بابەتێکی نوێیان خوڵقاند کە لە بەرژەوەندیی مانەوەیاندا بێ و وەک فاکتەرێکی خاوەن دەسەڵات سەیر بکرێن. ئەوان هاوشێوەی یوونانییەکان کە پێشتر گوتمان بە هێلێنیزم خۆیان پاراست، بە جۆرێکی تر ئەو ڕێگەیەیان تاقیکردەوە، بە شیعیزم. فارسەکان دوای ئەو ئاڵوگۆڕە، هەر بەوەندە نەوەستان و بە زیادکردنی ڕێسایەک کە ناسراوە بە تەقیە و بووەتە بنەمای پتەوی باوەڕیان، زۆر ئاسان بەرژەوەندییەکانیان پاراست و لەگەڵ هەموو دۆخە لەبار و نالەبارەکاندا خۆیان گونجاند. تورکەکان، بۆ ئەوەی بەسەر گشت مەکتەبە فیکرییەکانی دەوروبەریاندا زاڵ بن، بێبەزەیی و دڕندەخوویی کە هەمیشە وەکوو سیفەتێکی نیشتمانی لایان گرینگ بوو و وەک بەهێزترین ئامراز بۆ دامرکاندنی هەستی داگیرکاری دەکاریان دەکرد، لە جێوە تێکەڵ بە هەستی پەلاماردەری ئیسلامییان کرد و بە ناوی شەڕ بۆ ئەڵڵا دژی فارس و یوونانی و زۆربەی گەلانی دەوروبەر چوونە دە مەتەرێز. جوولەکەکان، ئەوانیش بە کەڵکوەرگرتن لە باوەڕەکانی ئایینی یەهوودی، بە دامەزراندنی سەهیۆنیزم لە سەدەی نۆزدەدا، جیا لە هەوڵدان بۆ خۆپارێزی، کەوتنە بیری دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆش لە دواڕۆژدا. ئەوان مافی خۆیان بوو بە ئامانجی ڕاگرتن و پاراستنی یەکێتیی نەتەوەیی، خزمەت بە ئایینەکەیان بکەن و بە پتەوی بیهێڵنەوە. پەرتەوازەبوونیان دوای دەرکرانیان لە خاکەکەیان، بە درێژایی مێژوو چەوسانەوەی بۆ ئەوان بە دیاری هێنابوو و نموونەی زەقیش مێژووی سەردەمە، بەتایبەت کوژرانی بە میلیۆنیان بەدەست ئاڵمانییەکان لە شەڕی دووەمی جیهانیدا.
دراوسێیەکانمان و میللەتانی دوور لە ئێمەی کورد، وەک دەبینین ئەوە ڕەوتی خۆپارێزییان بووە. بە واتایەک هەموو هەوڵیان داوە نیشتمانپەروەری لای خۆیان بکەن بە باوەڕێکی قووڵ و گشت یاسا و ڕێسا و ئایین و کولتوورەکان بخەنە خزمەت پتەوکردنی ئەو هەستە. بۆ شاعیرێکی یوونانی، نووسەرێکی لێهستانی، سوارەیەکی تورک، فەرماندەیەکی فەڕەنسەوی، سیخوڕێکی یەهوودی، کاربەدەستێکی ئینگلیزی، مەلایەکی عەرەب، مورتازێکی هیندی و میرزایەکی فارس، بەر لە هەر شتێک بیرکردنەوە لە مەوتەنەکەی لە هەموو شتێک گرینگتر بووە و ئامادە نەبووە بەرژەوەندیی خاکەکەی وەپاش بابەتگەلی لاوەکی بخات. چونکە لای ئەو نیشتمانپەروەری کەموزۆر بووەتە باوەڕێکی قووڵ و لە هەمان کاتدا پیرۆزتر لە پیرۆزییەکانی تر. بەڵام مەخابن، ئەگەر ئایین بۆ زۆر لەو میللەتانە بووەتە یەک لە کۆڵەکەکانی ناسنامەی نەتەوەیی، بۆ ئێمەی کورد خێرێکی نەبووە و بەپێچەوانەوە زیانیشی پێمان گەیاندووە. هێرشەکانی عەرەب تا سەردەمی ئەنفال و داعش بۆ سەر کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی نووسراوە و نکۆڵی لێ ناکرێ.
هەر وەک دیتمان هەرکام لەو گەلانە بە نۆرەی خۆیان بیریان لە بنیاتنانی قەڵغانێک بۆ خۆپاراستن و پتەوکردنی پەیوەندیی نەتەوەیی کردووەتەوە، بەڵام کورد چی؟ داخوا ئەویش لە فکری بۆرەچارەسەرێکدا بووە یان نا؟ با بەر لە وەڵامدانەوە بە پرسیارەکە، سەیری دیمەنێک بکەین. ماوەیەک لەوە پێش دیتم لە مزگەوتی ئاواییەکدا، مەلایەکی گەنج بەوپەڕی حەماسەتەوە وتاری دەدا. خەڵکی ئاوایی دانیشتبوون و گوێیان هەڵخستبوو. جەنابی سەرکردەی هێزێکی خاوەن مێژوویەکی چەندین ساڵە، ئەویش لە بەردەم مەلا دانیشتبوو. مەلا باسی دۆخی نالەباری ئەمنیی ناوچەکەی دەکرد و نیگەرانی ئەوە بوو دوای جێهێشتنی هێزی هاوپەیمانان و ڕۆیشتنیان لە عێراق و هەرێم، ڕەنگە کوردستانەکەمان دیسان بکەوێتەوە بەر شاڵاوی ڕەشەکوژی. ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو، مەلا لەبەر خەڵکەکە دەپاڕاوە کە دینەکەیان بەلایانەوە لە هەموو بابەتێکی تر پیرۆزتر بێ و هەوڵی پاراستنی بدەن و دوعای دەکرد و لە خودا دەپاڕاوە ئەو خاکە بپارێزێ بۆ ئەوەی خەڵک لە ئاسایشدا فەریزە و ئەرکە ئایینییەکانیان بەجێ بگەیەنن. بە واتایەک، مەلای موسوڵمان لە بیلادی ئیسلامی نیگەرانی ئەوە بوو کە عەرەبی موسوڵمان، ئەوەی دینەکەی بەسەردا سەپاندووە، هێرش نەکاتە سەر ئاواییەکەی ئەو. مەلا نزای دەکرد خوا یارمەتییان بدا جەنابیان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکە و خەڵکە موسوڵمانکراوەکە بێ ترس نوێژی بەجەماعەتی خۆیان بکەن. واتە ترسی نەبوونی ئارامی و تێکچوونی دۆخەکە بەدەست هەمان عەرەبی موسوڵمان، دەغدەغە و خەمی مەلا بوو. ئا لێرەدا بەو نموونەیە و بە پرسیارێک کە ئاخۆ نیشتمان لای ئێمە گرینگترە یا دین و ئایدیۆلۆژییە هاوردەکان، گەرەکمە بڵێم مادام نەمبینی نە جەنابی سەرکردە و نە خەڵکی ئاسایی لە هەمبەر قسەکانی مەلادا هیچ بڵێن، کەوابوو ئاساییە بەو قەناعەتە بگەم نیشتمانپەروەری هێشتا نەبووەتە باوەڕ. نموونەی زەقتریش، سەرنجی خوێنەری بەڕێز ڕادەکێشم بۆ ئاڵوگۆڕەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و هەروەها ڕاپەڕینی باکووری کوردستان لە سی چل ساڵی دواییدا. لەوەی یەکەمدا دیتمان گەنجی خوێندەواری کورد چۆن خۆی و نیشتمانەکەی فیدای دروشم و ئایدیا هاوردەکان کرد و لە باکووریش بە هەمان شێوە جووڵانەوەیەکی مافخوازی بوو بە قوربانیی حەز و خولیا دەرەکییەکان. وەختێک مرۆڤ سەرکردەی پشتسەری مەلای ئاوایی و ڕووخانی ئەزموونی ڕۆژاوا و خەیاڵە سوور و ڕەشەکانی گەنجانی سەردەمی نوێی ڕۆژهەڵات و کۆتایی خەونێکی سەدان ساڵەی باکوور بە چاوی خۆی دەبینێ، قەناعەتی لا دروست دەبێ کە ئەگەر خۆمان ئایینی نیشتمانیمان نەخوڵقاند، لاسایی خەڵکانی دیکەشمان نەکردەوە، چونکە لەخۆڕازیبوونێکی قەڵب سەرتاپای تاکتاکی ئێمەی تەنیوە و ڕێگای ئەویشی لێ گرتووین. ئەگەرنا ئێمەش تا ئەمڕۆ ڕێگایەکمان بۆ دەربازبوون دەدۆزییەوە بۆ ئەوەی لەو قەیرانەی ژێردەستەیی ڕزگاریمان بێ.