شۆرای میللیی موقاومەتی ئێران سەر بە ڕیکخراوی موجاهیدینی خەلق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی لایەنگران و کەسوکاری ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەی لە شارە جیاوازەکاندا دەست پێکردووە و داوای دەستێوەردانی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سکرتارییەتی شۆرای میللیی بەرگریی ئێران، دەسەڵاتدارانی تاران لەژێر گوشاری قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا، هاوڕێ لەگەڵ بەردەوامیی لەسێدارەدانەکان، پرۆسەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانیان چڕتر کردووەتەوە.
ڕێکخراوەکە ناوی ۱۲ دەسبەسەرکراوی ئاشکرا کردووە کە لە شارەکانی تاران، مەشھەد، زاهێدان و چەند ناوچەیەکی تر دەسبەسەر کراون، کە لە نێویاندا بەندکراوانی سیاسیی دەیەی ٦۰ی هەتاوی و کەسوکاری لەسێدارەدراوانی تێدایە.
شۆرای میللیی موقاومەتی ئێران جەختی کردووەتەوە کە زانیاریی تەواوی دەسبەسەرکراوانی ڕادەستی کۆمسیاریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و داوا دەکات شاندێکی نێودەوڵەتی سەردانی بەندیخانەکانی ئێران بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە تاران تا ئێستا هیچ وڵامێکی سەبارەت بە چارەنووسی ۸۲ دەسبەسەرکراوی دیکە و ڕادەستکردنەوەی تەرمی ۹ لەسێدارەدراو بە بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە.