لەدوای زیانە سەربازییەکانی شەڕی ۳۹ ڕۆژە و داڕمانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی، سپای تێرۆریستیی پاسداران بە شێوازی جۆراوجۆر گوشاری خستووەتە سەر خەڵکی کاسبکار؛ لە شاری ڕوانسەر بەرپرسانی ئەم دامەزراوە تێرۆریستییە دەستیان کردووە بە داواکردنی باج و سەرانە لە سەرمایەداران بۆ نۆژەنکردنەوەی بنکە وێرانبووەکانیان.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسداران لە ڕێگەی پەیوەندیی تلفۆنییەوە و بە شێوازێکی زۆرەملێ داوای هاوکاریی ماددی و دابینکردنی کەرەستەی بیناسازییان لە کەسایەتییە دیارەکان، بازاڕییان و سەرمایەدارانی شاری ڕوانسەر کردووە.
داواکارییەکان بریتیین لە دابینکردنی ئاسن، سیمان، دەرگا، پەنجەرە و کاشی، کە مەبەست لێی دروستکردنی بنکەی نوێ و بونیاتنانەوەی ئەو مۆڵگە ئەمنییەتی و سەربازییانەیە کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا وێران ببوون.
ئەم کارەی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ناوەڕۆکدا سەپاندنی سەرانەیەکی بێپاساوە بەسەر خەڵکێکدا کە خۆیان لەژێر بارگرانیی سەختی قەیرانی ئابووریدا خەریکە دەپووکێنەوە.
پەنابردنی دامەزراوە سەربازییەکانی ڕێژیم بۆ داواکردنی یارمەتی و سەپاندنی سەرانە لە خەڵکی مەدەنی، ئاماژەیەکی ڕوون بۆ شکست و داڕمانی دارایی کۆماری ئیسلامی لە ئیدارەکردنی زیانەکانی شەڕە.
ئەم جۆرە داواکارییە ناڕەوا و نایاساییانەی ڕێژیم لە خەڵک، نەک هەر بارگرانییەکی سەختی دەروونی و ئابووریی خستووەتە سەر بازاڕییان، بەڵکوو بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی زیاتر لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا.