کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆڕش ئەبوبەکری هونەرمەندی دیاری خەڵکی سەردەشت دەسبەسەر کرا

10:15 - 20 رەزبەر 2726

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شۆڕش ئەبووبەکری، هونەرمەندی ناسراوی خەڵکی سەردەشت، ناسراو بە «شۆڕەسوار» دوای ئامادەبوونی لە دادگای ڕێژیم لەم شارەدا بەبێ هۆکار دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چەندین جار بە تلفۆن هەڕەشەیان لە شۆڕش ئەبووبەکری کردووە و دوای بانگکرانی لە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەردا، ئەم هونەرمەندە لەگەڵ پارێزەرەکەی بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە و تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی دادگای ڕێژیمی لە سەردەشت کردووە، بەڵام بە فەرمانی دادوەریی ڕێژیم لەم شارەدا دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە بارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هونەرمەندە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

شایانی باسە ناوبراو بەرهەمهێنەر، پێشکەشکار، ژەنیاری تار و گۆرانیبێژی ناسراوی سەردەشتییە و لە بوارەکانی ئەدەب و هونەردا چالاکە.

ناوبراو خاوەنی پەیمانگایەکی مۆسیقا بووە بە ناوی «ئاوای کورد» لە سەردەشت کە چەند ساڵ پێش ئێستا مۆڵەتەکەی هەڵوەشێنراوەوە.

پێشتریش شۆڕش ئەبووبەکری نیوەشەوی ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢ بە هێرشی چەکدارانەی هێزە ئەمنییەکان و بەبێ هۆکار دەسبەسەر کرابوو و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی ورمێ گواسترابووەوە و دوای ماوەیەک دەسبەسەرکران و لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.