دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەنگاوێکی نوێدا بەنیازن بەشێک لە بنکە سەربازی و ئەمنییەتییە وێرانبووەکانیان لە ڕێگەی موزایەدەوە بفرۆشن؛ هەنگاوێک کە چاوەدێرانی سیاسی وەک سیاسەتێکی ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و تێوەگلاندنی سەرمایەدارانی ناوچەکە دەستنیشانی دەکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕێژیم پلانی داڕێشتووە تا ئەو زەوی و ژێرخانە سەربازییانەی لە شەڕەکانی ئەم دوایییەدا تێکچوون، بخاتە بازاڕی فرۆشتنەوە.
شارەزایانی کاروباری ناوچەکە هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە پلان و سیاسەتێکی نوێی ڕێژیم بۆ بەکارهێنانی سەرمایەی خەڵک و قەرەبووکردنەوەی تێچووی نۆژەنکردنەوەی بنکە سەربازییە وێرانبووەکانییەتی.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم موزایدەیە دەرفەت بە سەرمایەدارانی دیکەی ئێران دەدات کە لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دێمۆگرافیای کوردستاندا بجووڵێنەوە و بە کڕینی ئەم زەوییانە، زیاتر لە جاران لە کوردستاندا جێگیر ببن.
بۆیە داوا لە هاووڵاتییان، بازاڕییان و سەرمایەدارانی کوردستان دەکرێت ئاگاداری فێڵ و پیلانە مەترسیدارەکانی ڕێژیم بن.
ئەم شوێنانە وەکوو شوێن و سامانی گشتی بەئەژمار دێن و لە داهاتووی کوردستاندا وەک مڵكی گشتی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.