کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بانگەشەی سەقامگیرییەوە بۆ پەلەقاژە لەپێناو مانەوەی زیاتردا

10:58 - 20 رەزبەر 2726

عەلی بداغی

سەبارەت بە قووڵایی گۆڕانکارییەکان لە ئێرانی ئەمڕۆدا، پرسیارێکی بنەڕەتی ئەوەیە: ئاخۆ کۆماری ئیسلامی وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات حکوومەتێکی سەقامگیرە، یان لە لێواری هەڵدێردایە و پەلەقاژە بۆ مانەوەی زیاتر دەکات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێش هەموو شتێک پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان «مانەوەی دەسەڵات» و «سەقامگیریی دەسەڵات»دا. کۆماری ئیسلامی لەوانەیە هێشتا کۆنتڕۆڵی دەوڵەت، هێزە چەکدارەکان و دەزگای سەرکوتکردنی بەدەستەوە مابێت، بەڵام ئەمە ناتوانێ بە واتای شەرعییەت و سەقامگیریی سیاسی بێت؛ بۆچی؟

یەکەم: دوای مردنی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، لە ٩ی ڕەشەمەی زستانی ڕابردوودا بەڕواڵەت موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ ڕاگەیەندراوە؛ کەچی ناوبراو لە کاتی دەستبەکاربوونیەوە هەتا ئێستا لەبەرچاوی گشتی دەرنەکەوتووە و دوای ٨ مانگ هێشتا هیچ وێنە، ڤیدیۆ یان پەیامێکی دەنگیی جێگەی متمانە لێی بڵاو نەکراوەتەوە، ئەمەش خۆی پەرەی بە بۆشایی دەسەڵات لە لووتکەی ڕێژیمدا داوە. ئەوەی کە ڕێبەری نیزامێکی سیاسی بۆ ماوەی نزیکەی ٨ مانگ خۆی لە چاوی خەڵک بشارێتەوە، تەنیا بابەتێکی پڕۆتۆکۆلی نییە، چونکە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا ڕێبەر چەقی بڕیاردانە لە تەواوی سیستمە سیاسییەکەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و گرنگترین سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسییە. کەواتە کاتێک ڕێبەری نوێ بۆ ماوەی چەندین مانگ نەبینرێت و نەبیسترێت، ئەم پرسیارە جیدییە دێتە ئاراوە: ئاخۆ دەسەڵات خەریکی چییە جگە لە خاپاندنی خەڵک و زەمینەخۆشکردن بۆ گۆڕینی نیزامی سیاسی لە پێکهاتەی ئایینی-ئەمنییەوە بۆ نیزامی-ئەمنی؟

کەواتە کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی هێشتا دەسەڵاتێکی لەسەرپێیە، بەڵام هەرگیز دەسەڵاتێکی سەقامگیر نییە؛ بەڵکوو دەسەڵاتێکی ئەمنییەتییە کە زیاتر لە جاران، مانەوەی خۆی لەجیاتی شەرعییەتی سیاسی، بە هێزی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵی توندوتیژانەی کۆمەڵگەوە گرێ داوە. خۆ ڕاستە ئەزموونی زۆرێک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان پێمان دەڵێت کە سەرکوت و توندوتیژی و کوشتار دەتوانێت ڕەوتی ڕووخان دوا بخات، بەڵام قەیرانی شەرعییەت چارەسەر ناکات و چارەنووسی دواجاری ئەو نیزامە سیاسییانە هەر تێداچوون و هەرەسهێنانە.

بەڵام کێشەکە خۆ هەر پرسی ڕێبەری نییە، بەڵکوو بابەتی جەوهەری ئەوەیە کە قەیرانی سیاسی لەگەڵ قەیرانی شەرعییەت و قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتییەکان، هاوکات گەروویان بە کۆماری ئیسلامی گوشیوە. تاکە ڕێگەی ڕێبەرانی ئێستای کۆماری ئیسلامیش بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە، خۆشکردنی زەمینەیە بۆ پێدانی باج و ئیمتیازی زیاتر بە دەرەوە، لە پاڵ سەرکوتێکی خوێناوی و توندتر لە نێوخۆی وڵاتدا. بەڵام درێژەپێدان و بەردەوامیی سەرکوتکردنیش بەو ئاسانییە نییە؛ چونکە هەرچەندە دەسەڵات زیاتر پشت بە سەرکوت ببەستێت، تێچووی پاراستنی ڕێژیمە سیاسییەکەش زیاتر دەبێت؛ هەرچەندێکیش سەرچاوە ئابوورییەکان کەمتر ببنەوە، دابینکردنی تێچووی ئەم دەزگا پانوبەرینەی سەرکوتە قورستر دەبێت.

ئایا ئەم بارودۆخە دەتوانێت بەردەوام بێت؟ لە ماوەی کورتخایەندا، لەوانەیە؛ بەڵام وەک باس کرا درێژەپێدانی دۆخی ئێستا بە شێوازی هەنووکەیی لە درێژخایەندا زۆر ئەستەمە. هەڵاوسانی بەرز، داڕمانی توندی بەهای دراوی نیشتمانی، گەمارۆ ئیفلیجکەرەکان و قەیرانە ژینگەییەکان (وەک کەمئاوی و قەیرانی وزە)، توانای دارایی دەسەڵاتی بۆ بەدیهێنانی ڕەزامەندیی لایەنگرانیشی بە تەواوی کەم کردووەتەوە. هەروەها ئەو زەبرە قورس و گورچکبڕانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە تۆڕەکانی نفووزی ناوچەیی و لە گرووپە نیابەتییەکانی ئێران دراون، وای کردووە کە قووڵایی ستراتیژیی نیزام—کە ساڵانێک وەک قەڵغانێکی بەرگری دەهاتە ئەژمار—ئێستا بووبێتە خاڵی هەرە لاوازی کۆماری ئیسلامی. لەوەش بترازێ، سەرکوتکردنی بەردەوام، وزە و سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی وڵات دەپووکێنێتەوە و توانای دەروونی و پێکهاتەیی هێزە ئەمنییەکان تووشی داڕمان دەکات.

ئێستا پرسیارە گرنگەکەی تر ئەوەیە: چ هۆکارگەلێک خێرایی بە ڕەوتی ڕووخانی ڕێژیم دەبەخشن؟ بێگومان دروستبوونی درز و کەلێن و شەقبردن لە لووتکەی دەسەڵاتدا، زۆر گرنگترە لە خودی خۆپێشاندانەکان و دەرئەنجامە شۆڕشگێڕییەکانی. ئەزموونی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان پێمان دەڵێت کە ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەتەنیا ناتوانن دەسەڵات بە چۆکدا بێنن؛ ساتەوەختی هەستیاری ڕووخان کاتێک دێتە پێشەوە کە لە لووتکەی دەسەڵاتدا کێشە و جیاوازیی جیدی لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا سەر هەڵبدات. کەواتە ئەگەر لەنێوان ئەرتەش و سپا، پیاوانی ئایینی، دەوڵەت، ناوەندە ئەمنییەتییەکان و باڵە جیاوازەکانی دەسەڵاتدا لەسەر داهاتووی سیستم ناکۆکی دروست ببێت، توانای حکوومەت بۆ کاردانەوەی هاوئاهەنگ کەم دەبێتەوە.

کەواتە تا ئەو کاتەی هێزە سەرەکییەکانی سەرکوت وەک سپا و هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئامادە بن تێچووی پاراستنی سیستم لە ئەستۆ بگرن، دەسەڵات دەتوانێت بە سەرکوتی خوێناوی پاشەکشە بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بکات. بەڵام ئەگەر بارودۆخێک بێتە ئاراوە کە بەشێک لە هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرکوت خۆیان ببوێرن، یان بێلایەنی هەڵبژێرن، یان لەنێوان فەرماندەکاندا ناکۆکی دروست ببێت، یان بەشێک لە هێزەکان پشتی خەڵک و داخوازییەکانیان بگرن؛ هاوکێشەکە بە خێرایی دەگۆڕێت.

دیارە قەیرانی ئابووریش دەتوانێ خێرایی بەم ڕەوتە ببەخشێ. لە ئێستادا دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی، هەڵاوسان، کەمبوونەوەی داهاتەکانی نەوت، کورتهێنانی سەرچاوەکان و فشاری شەڕ، تێچووی مانەوەی دەسەڵاتیان زۆر قورستر و مەترسیدارتر کردووە. لە وەها بارودۆخێکدا، ناڕەزایەتیی خانەنشینان، کرێکاران، خوێندکاران، ژنان، کاسبکاران، مامۆستایان، نەتەوە مافخوازەکان و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، کاتێک بەهایەکی سیاسیی زۆر گەورەتر پەیدا دەکات کە لە داخوازییە پەرتەوازە و چینایەتییەکان تێپەڕێت و ببێتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ڕێژیم. خۆ ئەگەر ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەرفراوان لە کەرتە ئابووری و کارگێڕییەکاندا ڕوو بدەن، دەسەڵات بەرەوڕووی قەیرانی دوولایەنەی سەرکوتکردنی سیاسی و پەککەوتنی بەڕێوەبردنی وڵات دەبێتەوە، ئەمەش تێچووی پاراستنی دۆخی هەنووکەیی بۆ ڕێژیم زۆر زیاتر دەکات.

دواخاڵ ئەوەیە کە بێتوو شکستی سیاسەتی دەرەکی و ناوچەییش بخەینە پاڵ ئەم هۆکارانە، دەبینین کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ لە لێواری ڕووخان نزیکتر دەبێتەوە.