کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لە دژی ژێرخانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

13:25 - 20 رەزبەر 2726

موحسێن ڕەزایی، ئەندام و سکرتێری شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، هەڕەشەی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا، ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانەش کابلە پەیوەندیدارییەکان، ناوەندەکانی داتا و بنکەکانی ژیریی دەستکرد، دەبنە ئامانجی هێرشەکانی ئێران.

ئەم هەڕەشانە جارێکی تر نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پەرەپێدانی نائارامی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیاتر کردووەتەوە؛ ڕێژیمێک کە ئێستا ژێرخانە گرنگ و ئابوورییەکانی ناوچەکەش دەخاتە بەر مەترسیی سەربازییەوە.

ڕەزایی لە چاوپێکەوتنێکی تلویزیۆنیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەهای ئەم ژێرخانانە لە دوو تریلیۆن دۆلار زیاترە و ئێران لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕدا، بە بەرنامەیەکی بەرفراوانترەوە دەچێتە نێو ململانێکەوە.

ناوبراو هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێزەکانی ئێران هەموو شەوێک پێنج تا شەش کەشتیی هەڵگری نەوت لە گەرووی هۆرمۆز دەکەنە ئامانج.

ئەم لێدوانانە لە دۆخێکدا دەدرێن کە هەڕەشەکردن لە هۆکارەکانی کەشتیوانی و ڕێگاکانی گواستنەوەی وزە، ئەمنییەتی ئابووریی وڵاتانی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.

هاوکات، ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا ڕایگەیاند کە تەقەمەنییەکی نەناسراو بەر تانکەرێکی نەوت کەوتووە لە کاتی دەرچوونی لە گەرووی هۆرمۆز.