کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی پێنج کرێکاری وەرزی لە ڕووداوێکی هاتوچۆ لە پیرانشار

13:30 - 20 رەزبەر 2726

لە ئاکامی پێکدادانی مینیبووسێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزی لەگەڵ ماشینێک لە ڕێگای پیرانشار بۆ میراوا، پێنج کرێکاری وەرزی بریندار بوون؛ ڕووداوێک کە جارێکی تر مەترسییەکانی سەر گیانی کرێکاران و خراپیی ژێرخانی هاتوچۆی لە کوردستان ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ و سەرچاوە نێوخۆییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ڕەزبەر، مینیبووسێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزی لە کاتی هاتنەدەرەوەی لە ڕێگەیەکی لاوەکییەوە بۆ سەر جاددەی سەرەکیی ڕێگای پیرانشار-میراوا، تووشی ڕووداوی پێکدادان لەگەڵ ماشینێکی جۆری پەیکان بوو.

لە ئاکامی ئەم ڕووداوەدا پێنج کرێکاری میوەچن بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کران. تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد لەسەر ناسنامە و ئاخرین دۆخی تەندروستیی بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە کەمتەرخەمیی بەردەوامی دەسەڵاتداران لە ئاست چاکسازیی جاددەکان و نەبوونی ئامرازی گواستنەوەی گونجاو، جاددەکانی کوردستانی کردووەتە مەیدانی قوربانیبوونی هاووڵاتییان.

پێشتریش لە ۱۰ی ڕەزبەردا، بەهۆی وەرگەڕانی مینیبووسێکی تر لە ڕێگای نەغەدە-پیرانشار لە نزیک گوندی "قاڕنێ"، کرێکارێک گیانی لەدەست دا و ۲۷ کرێکاری دیکەش بەسەختی بریندار بوون؛ ئەمەش بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کرێکارانی وەرزی بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان، بەردەوام ناچار دەبن ئامرازی گواستنەوەی کۆن بەکار بهێنن و لەسەر جاددە ناستانداردەکان ڕووبەڕووی ئەم جۆرە کارەساتانە ببنەوە.