کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی بەلووچ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە جەیشولعەدل

13:33 - 20 رەزبەر 2726

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی "عومەر دۆرۆستاران"دا سەپاند؛ بڕیارێک کە لەسەر بنەمای تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی "جەیشولعەدل" دەرچووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی ناوبراو دوای پشتڕاستکردنەوەی لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا جێبەجێ کراوە.

بەرپرسانی ڕێژیم بانگەشەی ئەوە دەکەن کە عومەر دۆرۆستاران پشتیوانیی لۆجستیکی تیمەمەکانی ڕێکخراوی جەیشولعەدلی لە ئەستۆ بووە، لەوانەش دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، گواستنەوەی ئەندامان، دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و ناسینەوەی بنکە سەربازییەکان.

هەروەھا هێرشکردنە سەر بنکە ئەمنییەتییەکانی ڕاسک، پایگای پاروود و هەروەها هێرشەکانی خاکەلێوەی ١٤٠٣ بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی چابەهار، دراونەتە پاڵ ناوبراو.

جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی ئەو هاووڵاتییە بەلووچە بەو تۆمەتانە لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کراوە و هەروەها هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو تۆمەتە قورسانە نەخراونەتە ڕوو.