جینا ڕومرۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئازادیی کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ڕێکخراوەیی، ڕایگەیاند کە ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، لە هاوسۆزی لەگەڵ زیندانییانی ئێران، دەچێتە پاڵ مانگرتن لە خواردنی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و دابینکیرنی چاودێریی سەربەخۆی بەسەر بارودۆخی ئەو زیندانییانەی کردووە کە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ڕومرۆ لە چەند پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی کە سزای لەسێدارەدان لە ئێران دژی ئەو کەسانە بەکار دەهێنرێت کە خوازیاری ئازادیی کۆبوونەوە، ڕێکخراوەیی، ڕادەربڕین و مافە سیاسییەکانیانن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا، هەزاران خۆپیشاندەر کوژران و لە مانگی ڕەشەمەوە تا ئێستا لانیکەم ٤٦ خۆپیشاندەر لە سێدارە دراون.
ڕومرۆ ئەم ئامارەی وەک بەرزترین ژمارەی لەسێدارەدانی سیاسی لە نزیکەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو زانی.
هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی نایاسایی دەسبەسەر کراون و دۆسییەکانیان ڕووبەڕووی پێشێلکاریی زەقی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ بووەتەوه.
هاوکات مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، پشتیوانیی لە پەیامەکەی ڕومرۆ کرد و بە «هەنگاوێکی گرنگ» وەسفی کرد.
کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە حەفتەی ١٤١ی ئەم کەمپەینەدا لە بەیاننامەی ١٤ی ڕەزبەردا، کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی دژی سزای لەسێدارەدان، ئەم سزایەی بە "پێشێلکردنی مافی ژیان و ئامرازێک بۆ دروستکردن و ترساندن و کپکردنی خۆپیشاندانەکان" زانی و داوای هاوسۆزی لەگەڵ نەیارانی لەسێدارەدانی کرد.