لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەرکام لە فەرشاد ڕەزایی، خەڵکی ئاوایی زەفەراوا سەر بە شاری دیواندەرە، شاهین ڕەشیدزادە و مەحیەدین بانەڕێزی، دوو لاوی خەڵکی شاری بانە دوای چەندین ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەزبەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری دیواندەرە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەرشاد ڕەزایی ٣٦ ساڵە و خێزاندار، بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی و دوای دەسبەسەرکرانی بێسەروشوێن کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی خۆڕاگری، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵکوتاوەتە سەر ماڵی شاهین ڕەشیدزادە ٢٠ساڵە خەڵکی شاری بانە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە.
هەروەها ڕۆژی هەینی١٧ی ڕەزبەر، هێزە سەکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەحیەدین بانەڕێزی خەڵکی شاری بانە و دوای دەسبەسەرکرانی چارەنووسی نادیارە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و ڕوون لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.