کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ کوژراو لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی عەرەبستان

13:48 - 20 رەزبەر 2726

لە ئاکامی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ڕیاڕ و دەمام، لانیکەم ١٤ کەس کوژران و بە دەیان کەسیش بریندار بوون؛ هەنگاوێک کە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و شەپۆلێکی بەرفراوانی مەحکوومکردنی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی عەرەبی، لە ڕووداوە نوێیەکاندا و دوای کەوتنی هاوێژراوێک بۆ سەر ماشینەکان لە گۆڕەپانی فڕۆکەخانەی مەلیک خالیدی ڕیاز و هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی مەلیک فەهد لە دەمام، کوژرانی کەسێکی دیکە و برینداربوونی ١١ کەس تۆمار کرا، کە بەمەش ئاماری کوژراوانی دوو ڕۆژی ڕابردوو گەیشتە ١٤ کەس و ئاماری برینداران ٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.

هاوکات ئەو هاوپەیمانییە باسی لە خستنەخوارەوەی چەندین مووشەکی کرووز، بالستیک و دڕۆن لە ئاسمانی ناوچەکە کردووە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەرپرسیارییەتیی هێرشەکانی بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ئەستۆ گرت.

لە وڵامدا وڵاتانی عەرەبستان، تورکیە، پاکستان و میسر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئەو هێرشانەیان پەرەسەندنێکی مەترسیدار وەسف کرد و جەختیان لە ڕاگرتنی بێمەرجی هێرشەکان کردەوە. هاوکات ئەمریکا، چین، ئوسترالیا و چەندین وڵاتی تر نیگەرانیی خۆیان لە مەترسییەکانی سەر کەشتیوانی و هێڵە ئاسمانییەکان دەربڕی.

پەرەسەندنی ئەم هێرشانە بۆ سەر ژێرخانە مەدەنی و ئابوورییەکانی عەرەبستان لەکاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بەردەوامن؛ لە کاتێکدا مەترسیی تێکچوونی ئەمنییەتی ئاسمانی و ئابووریی ناوچەکە لە بەرزترین ئاستدایە.