هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێوڕەسم و یادکردنەوەکانی چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری سنە، زەخت و گوشارەکان لەسەر بنەماڵە مافخوازەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەستی پێکردووە. هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگەی پەیوەندیی تلفۆنی، بانگکردن و هەڕەشە، هەوڵ دەدەن ڕێگری لە بنەماڵەکان بۆ بەشداریکردن لەسەر گۆڕی ڕۆڵە شەهیدەکانیان بکەن.
یەکێک لە ئەندامانی ئەم بنەماڵانە بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: "سەڕەڕای ئەم گوشارانە، ئیرادەی ئەو بنەماڵانەی کە ساڵانێکە بۆ وەدیهێنانی ڕاستی و دادپەروەری وەستاون، ناشکێت. مافخوازی نە لەسەر مەزار و گۆڕ کۆتایی دێت و نە بە هەڕەشە و ترساندن دەکوژێتەوە. تەنانەت ئەگەر گۆڕیش لە ئارادا نەبێت، ڕاستی ناشاردرێتەوە و دەنگی مافخوازان کپ ناکرێت."
ئەم ئەندامەی بنەماڵە مافخوازەکان ڕایگەیاندووە: بنەماڵە مافخوازەکان مافی خۆیانە بە ئازادی لەسەر گۆڕی ئازیزانیان ئامادە بن، یادیان بەرز ڕاگرن و داوای ئاشکرابوونی ڕاستی و بەدواداچوون بۆ تاوانباران بکەن. دادخوازی بەردەوامە؛ تا ئەو ڕۆژەی ڕاستی ئاشکرا دەبێت، بەرپرسانی پێشێلکردنی مافی خەڵک دەدرێنە دادگا و هیچ تاوانێک لە پشت پەردەی بێدەنگی و سەرکوتدا شاراوە نامێنێت."