خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تلویزیۆنی ڕووداو، باسی لە پرسەکانی وەک هەڵوێستی حیزبی لەبارەی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەلومەرجی ئێستای ئێران، ڕۆڵی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتی بڕیاردان لە ناو حیزبی دێموکراتدا کرد.
کاک خالید لەو وتووێژەدا لە وڵامی پرسیاری "ئایا حیزبی دێموکرات هێشتا ئامادەی دانوستاندنە"؟ ڕایگەیاند کە "ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەر لە زووەوە هەمیشە لەو باوەڕەدا بووین کە پێشوازی لە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، گفتوگۆ، دانیشتن و دانوستاندن بکەین و ئەمە وەک بنەمایەکی سەرەکی، لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بوونی هەبووە".
کاک خالید ڕاشیگەیاند کە "دوایین دانوستاندنی فەرمی لە نۆروێژ بوو، کە ڕێکخراوێکی ئاشتی ئەو دانیشتنانەی لە ژێر چاودێریی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا ڕێکخستبوو، بۆیە لە ڕووی بنەما و باوەڕەوە، حیزبی دێموکرات هێشتا لەو باوەڕەدایە کە کێشەی کورد دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر بکرێت".
وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەبارەی هەبوونی بەستێنی دانوستاندن لە ئێستادا وتی: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوخۆی ئێران، کێشەکانی ئێران و ناوچەکە، هەروەها ئەوەی کە لە تاراندا ڕوون نییە، کێ بەڕاستی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، من ئەو بەستێنە لە ئیستادا نابینم".
کاک خالید ڕایگەیاند کە "ئەگەر کۆماری ئیسلامی خۆی داوا لە حیزبی دێموکرات بکات و بڵێت دەمانەوێت لەگەڵتان گفتوگۆ بکەین، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادەیە وڵامی ئەو داوایە بداتەوە".
هەروەها کاک خالید ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەگەر ڕۆژێک داوایەکی لەو جۆرە لە حیزبی دێموکرات بکرێت، بەڵنیاییەوە حیزبی دێموکرات ئەو بابەتە لەگەڵ هاوپەیمانی دەخاتە بەرباس".
کاک خالید لە بارەی چۆنیەتیی بڕیاردان لەنێو حیزبی دێموکرات بەگشتی لەبارەی پرسەکان بە گشتی و دانوستان بەتایبەتی، وتی: «ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بڕیار دەدات و حیزبی دێموکرات حیزبێکە کە بڕیاری بەکۆمەڵ دەدات".
لە وڵامی پرسیارێکی پێشکەشکاردا لەبارەی قسەکانی سەرکونسوولی ڕێژیم لە هەولێر لەبارەی دانوستانەوە، کاک خالید وتی: "هەر وەک پێشتریش محەممەدجەواد زەریفیش وتوویەتی ئەوانە نێردە و دیپلۆمات نین، بەڵکوو هەموویان ئەندام و نوێنەری سپای قودسن لە وڵاتان و لە ئیستا سپای پاسداران دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە".
کاک خالید لێدوانی قسەکانی ئەسەدی سەرکونسوولی ڕێژیمی لە هەولێر لەبارەی ڕەتکردنەوەی تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات وەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە بکەرانی تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی هەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و ئەوان پاسدار تێرۆریست بوون کە بە ناوی دیپلۆماتەوە تێرۆریان دەکرد.
لەبارەی بە ئامانجگرتنی کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات کاک خالید وتی: "ئەو کەمپانەی لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە دەکرێتە ئامانج هیچکات سەربازی و شوێنی چەکداری نەبوونە و کەمپی مەدەنین".