لە ماوەی ١٧ ڕۆژی یەکەمی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، ڕوودانی ٣١ ڕووداوی کار لە ١٨ پارێزگای ئێراندا بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٨ کرێکار و برینداربوونی ٧٨ کرێکاری دیکە. کەمترخەمی لە ئیمەنی، نەبوونی کەرەستەی پاراستن و نائارامیی ژینگەی کار وەک هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم ڕووداوە ناسێنراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە، لانیکەم ٣١ ڕووداوی کار لە ئێراندا ڕوویان داوە کە لە ئەنجامدا ٢٨ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ٧٨ کرێکاری تریش بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پارێزگای ورمێ بە پێنج ڕووداو، زۆرترین ژمارەی ڕووداوەکانی کاری لەم ماوەیەدا تێدا تۆمار کراوە. دوای ئەو، پارێزگاکانی هەمەدان، کرماشان بە دوو ڕووداو و هەروەها لە پارێزگاکانی سنە، گوڵستان، کرمان، تاران، ئەلبۆرز، قوم، سێمنان، تەورێز، خووزستان، ئیلام و بووشێهر هەر یەکەیان یەک ڕووداوی کار تۆمار کراوە.
لە کۆی ٢٨ کرێکاری گیانلەدەستداو لەم ڕووداوەدا، ١١ کەس بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی لە پڕۆژەکانی بیناسازیدا، پێنج کەس بەهۆی داڕمان یان ژەهراوی بوون بە گاز لە کانگاکاندا، چوار کەس بەهۆی کەوتنەخوارەوە یان ژەهراوی بوون بە گاز لە چاڵەکاندا، سێ کەس بەهۆی ژەهراوی بوون بە گاز لە کارخانەکان و کارگاکاندا و سێ کەس بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی هەڵگری کرێکاران گیانیان لەدەست داوە. هەروەها یەک کرێکار بەهۆی تەقینی تایە و کرێکارێکی تریش لە کاتی کارکردن بە ئامێر گیانیان لەدەست داوە.
لە کۆی ٧٨ کرێکاری برینداریش ٤٧ کەس بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی هەڵگری کرێکاران، ١٧ کەس بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی لە بینا لە کاتی دروستکردندا، هەشت کەس لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەدا، دوو کەس بەهۆی داڕمان یان ژەهراوی بوون بە گاز لە کانەکاندا و دوو کەس لە ڕووداوی بڕانەوەی ئەندامەکانی جەستە بریندار بوون. هەروەها یەک کرێکار بەهۆی ژەهراوی بوون بە گاز لە چاڵدا و کرێکارێکی تریش بەهۆی هاویشتنی تەنەکان بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی جیهانی کرێکار کە لەلایەن ناوەندی ئامار، بڵاوکردنەوە و بەرهەمەکانی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوکرایەوە، لە ١١ی بانەمەڕەوی ١٤٠٤ تا ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥، لانیکەم ٥٠۱۹ کرێکار لە پاش ڕووداوەکانی کار یان گیانیان لە دەست داوە یان بریندار بوون.
زۆرینەی کرێکارانی ئێران لە دۆخی نەبوونی ئیمەنیی پیشەیی و نەبوونی بیمەی گونجاودا کار دەکەن و کەمیی پشکێنەران و لاوازیی ژێرخانی ئیمەنی، تۆمارکردن و پێشگرتن لە ڕووداوە پیشەییەکان ڕووبەڕووی قەیرانی جیددی کردووەتەوە.