کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خانەنشینکراوان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەردەوامن و لەسەر وەرگرتنی مافەکانیان سوورن

16:13 - 20 رەزبەر 2726

خانەنشینکراوانی ئیدارە جیاجیاکانی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاویان لەمەڕ کەمیی مووچە، مووچەی دواکەوتوو، نەدانی مافی بیمە و نادادپەروەریی سیستماتیک بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەر، خانەنشینانی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی شووش و ئەهواز، لە دوو کۆبوونەوەی جیادا داوای بەدواداچوونیان بۆ کێشە بژێوی و دەرمانەکانیان کرد.

هەروەها خانەنشینانی سندووقی خانەنشینی "پۆڵای زەوب ئاهەن"، ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا، ئەوان داوای چارەسەرکردن کێشەکانی بیمە و جێبەجێکردنی تەواوەتی هاوسەنگکردنی مووچەکانیان کردووە.

خۆپیشاندەران تووڕەیی خۆیان لە کارکردی شیرکەتی بیمە و نەبوونی پۆششی پێویستی تێچووی دەرمانیان دەربڕیوە.

ئەم خانەنشینانە هەروەها بە ئاماژەدان بە جیاوازی نێوان مووچەکەیان و فەرمانبەرانی هاوتەریب لە پیشەسازیی پۆڵادا، داوای جێبەجێکردنی هاوسەنگکردنی مووچە تا ئاستی ٩٠ سەد و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کارناسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرد.

هاوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی تەعاونی مەسکەنی فەرمانبەرانی شارەوانی ناوچەی یەکی ئیسلامشار لە بەرانبەر دادگای ڕێژیم لەو شارەدا کۆبوونەوە.

هەروەها ژمارەیەک لە خانەنشینانی فەرهەنگی، موخابرات و دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.

 ئەم هاووڵاتییانە داوای زیادکردنی مووچە و خانەنشینی بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان، جێبەجێکردنی وردی هاوسەنگکردنی مووچە، دانی پاشکەوتەکان و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی بیمە و دەرمانیان کرد.

لە شاری ڕەشت کۆمەڵێک لە خانەنشینانی فەرهەنگی و دابینکردنی کۆمەڵایەتی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەر کۆ بوونەوە و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران لەسەر بەدواداچوون بۆ کێشە بژێوی و دەرمانییەکان چڕ بووبووەوە.

کۆمەڵێک لە کرێکارانی "بی پۆلی جنووب" لە سیرجان لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

یەکیەتیی ئازادیی کرێکارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەم کرێکارانە چەندین مانگە چاوەڕێی دیاریکردنی باری کاری خۆیانن و داوای گەڕانەوە بۆ کار یان قەرەبووکردنەوەی زیانە لێکەوتووەکانیان دەکەن.

ژمارەیەک لە پەرستارانی ناوەندەکانی تەندروستیی تەورێزیش لە بەرانبەر بینای پارێزگاری ئەو شارەدا دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

لە ساڵی ١٤٠٤دا لانیکەم ٢٥٥١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ئێراندا تۆمار کراوە؛ لەوانە ٧٢٤ کۆبوونەوەی کرێکاری، ٧٥٧ کۆبوونەوەی پیشەیی، ٧٩٣ کۆبوونەوەی پەیوەندیدار بە بواری ئازادیی ڕادەربڕین، ٤٠ کۆبوونەوەی خوێندکاری، ٣٢ کۆبوونەوەی پەیوەندیدار بە ژینگە و ٢٠٥ کۆبوونەوەی تری هاووڵاتییان لە ٣١ پارێزگادا لە هەمان ماوەیەدا، هەروەها لانیکەم ٤١ مانگرتنی پیشەیی و ٣٩٠ مانگرتنی کرێکاری تۆمار کراوە.