وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە لە وڵامی «چالاکییە دوژمنکارییەکانی کۆماری ئیسلامی» دژی ئەمنییەتی ئەم وڵاتە و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی، باڵیۆزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی لە لەندەن بانگ کردووە و دوو کەسی ئێرانیشی بە تۆمەتی بەشداریکردن یان ئاسانکاری بۆ چالاکییە دوژمنکارییەکان لە دەرەوەی سنوورەکان سزا داوە.
وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: «هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ لاوازکردنی ئاسایشی بریتانیا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی تۆڕە تاوانکارییەکان، گرووپە نیابەتییەکان و چالاکییە تێکدەرەرەکانییەوە قەبووڵکراو نییە».
ئێد مێلیبەند هەروەها ڕایگەیاند: "وەک چۆن چەندین جار بە ڕوونی بە ئێرانمان وتووە، بریتانیا هیچ هەڕەشەیەک لەسەر خاکی خۆی قەبووڵ ناکات. ئەمڕۆ فەرمانم بە وەزارەتەکەم کرد کە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بریتانیا بانگ بکات بۆ ئەوەی ئەم پەیامە جارێکی دیکە بە تەواوی پێی ڕابگەیەنرێت".
وەزیری دەرەوەی بریتانیا هەروەها هەواڵی ئاشکراکردنی ناوی دوو هاووڵاتیی ئێرانیی لە لیستی سزاکانی ئەم وڵاتەدا بە تاوانی دەستێوەردان «لە ئاسانکاری یان ئەنجامدانی چالاکییە دوژمنکارییەکان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە ڕاگەیاند کە بە ئامانجی ئاشکرای هەڕەشەکردن، پلاندانان یان جێبەجێکردنی هێرش لە دەرەوەی وڵات» ئەنجام داوە.
پێشتریش بەرپرسانی باڵای بریتانیا چەندین جار لەمەڕ هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەنێو خاکی ئەو وڵاتەدا هۆشدارییان داوە.