کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: ئێران بە پەرەپێدانی شەڕ هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات

09:34 - 21 رەزبەر 2726

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامی لە ترسی هێرشی سەربازیی نوێی ئەمریکا، پەنای بردووەتە بەر هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ناوچەکە؛ لەوانەش هۆشداریی سەبارەت بە ئەنجامدانی پەلاماری زەوینی بۆ سەر دراوسێکان، پێکانی ژێرخانە نەوتییەکانی عەرەبستان و نوقمکردنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.

بەپێی ڕاپۆرتی واڵ‌ستریت ژۆرناڵ، تاران بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری هێرشی نوێ لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە پاش هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا لە ١٢ی خەزەڵوەر، لە هەوڵی چڕ بۆ پڕچەککردنەوەی خۆی، نۆژەنکردنەوەی توانا مووشەکی و دڕۆنییەکان و ئامادەکردنی هێزەکانی بۆ پێکدادانی چاوەڕوانکراوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن بەرپرسانی ڕێژیم لە ڕێگەی نێوبژیوانانەوە بە ڕوونی هۆشدارییان داوە کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکادا، توندترین وڵام دەدەنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، تاران هەڕەشەی کردووە کە لە ڕێگەی هێرشی زەوینی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، خاپوورکردنی دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان و هەوڵدان بۆ نوقمکردنی کەشتییە جەنگییەکان و کوشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هاوکێشەکان تێک دەدات.

ئەم هەڕەشانە نیشانەی قوڵبوونەوەی گرژییە ستراتێژییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆنن، کە تێیدا کۆماری ئیسلامی ڕێگەی هەڕەشەکردن لە ئەمنییەتی ناوچەکەی بۆ بەربەستکردنی هەڵمەتە سەربازییەکان هەڵبژاردووە.