کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگاداریی توندی ٢٩ وڵاتی جیهان بە ڕێژیمی ئێران؛ پێشێلکاری و هەڕەشەکانتان بێوڵام ناهێڵینەوە

13:46 - 21 رەزبەر 2726

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لەوانەش بریتانیا، ئوسترالیا، کانادا، فەرانسە، ئێسپانیا، کۆماری چێک و ئاڵمان، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەبارەت بە هەوڵە دوژمنکارییەکان، هۆشدارییان بە ڕێژیمی تاران دا.

ئەم ڕاگەیەندراوە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، دوای ئەوە بڵاو بووەوە کە ئەندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، ڕاگەیاند کە سپای پاسداران بە دڵنیاییەوە لە پشت ڕووداوەکەی بنکەی فێرفۆردەوە بووە.

سەرۆکوەزیرانی بریتانیا جەختیان کردووەتەوە کە «بە توندترین شێوە بەکارھێنانی ھێرشە توندوتیژەکانی ئێران لەوانەش هەوڵە پیلانگێڕییە زۆر مەترسیدارەکان، ئاگردانی بەئەنقەست، خراپەکاری، هێرشی سایبێری و چالاکییە تێکەڵاوەکان (هایبرید) دژی خۆمان و هاوبەشەکانمان مەحکووم دەکەین».

لەم ڕاگەیەندراوەدا بە ئاماژەدان بە «دەستێوەردانی ئێران» لە ڕووداوی بنکەی فێرفۆرددا، هاتووە کە «بریتانیا هەروەها گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم ڕووداوە نیشاندەری خواستی بەردەوامی سپای پاسداران بۆ فراوانکردنەوەی چالاکییە دوژمنکارییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لە ڕێگەی تۆڕە نهێنییەکان و دەستوپێوەندییەکانییە».

 ئەم وڵاتانە ئەوەشیان خستۆتە ڕوو: «هەر هەوڵێکی ئێران بۆ هەڕەشەکردن، بێدەنگکردن، تۆقاندن، ئازاردان، زیانپێگەیاندن یان ناچارکردنی کەسانێک لە سنووری وڵاتەکەماندا لە ڕێگەی دەستوپێوەندییەکانیان یان هەر هۆکارێکی دیکەوە، قەبووڵکراو نییە».

هەر لەو پێوەندییەدا، مارک ڕوتە سکرتێری گشتیی ناتۆ پێشوازیی لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەو ٢٩ وڵاتە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵە توندوتیژەکاندا لە خاکی ئەو وڵاتانەدا کرد.

مارک ڕوتە هەروەها ڕایگەیاند کە «دەستێوەردانی ئێران لە هەوڵە توندوتیژانەکانی و هەڕەشەکان لە خاکی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانەتییەکەدا، لەوانەش ڕووداوی ٥ی ڕەزبەر لە فێرفۆرد، مەحکووم دەکەم».

شایانی باسە لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ٢٩ وڵات لەوانەش، ئەمریکا، وڵاتانی ئورووپایی و کادانادا چەند وڵاتی دیکەدا، هەڵسەنگاندنی بریتانیا بۆ ڕۆڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕووداوی بنکەی ئاسمانیی فێرفۆرد بە فەرمی ناسێندرا.