دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە وتارێکدا لە ویلایەتی ئۆهایۆ، بەتوندی هۆشداریی دا کە واشنگتۆن ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی وەک گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانی تێرۆریزم، دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات و جەختی کردەوە کە توانای ئەتۆمیی تارانیان لەنێو بردووە.
ترامپ لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، لەوانە بایدێن و ئۆباما گرت کە بەرانبەر تاران بێدەنگ بوون و باسی لەوە کرد کە بەهۆی مەترسیی نزیکبوونی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، ناچار بووە ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر و بە هێرشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان توانا سەربازییەکانی تاران پەک بخات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە ئێستادا هیچ هێزێکی دەریایی، ئاسمانی و سیستمێکی بەرگری کارای نەماوە و بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابوورییەوە دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بەڵام نازانن چۆن.
ترامپ هەروەها لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی داهاتووی ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ستراتێژی و هەڵوێستی دەوڵەتەکەی بەرانبەر بە شەڕی ئێران نابێت و جەختی کردەوە کە پێکدادانەکان زۆر بە زوویی کۆتاییان پێ دێت.