پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەردەوامن و لەم پێوەندییەدا، ژنە چالاکێکی کرێکاری و ئەندامی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران و خەڵکی سنە دەسبەسەر کرا، کەیوان ڕەسووڵی ئازەر خەڵکی شاری شنۆ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا، دوو لاوی سەقزی دوای چەندین ڕۆژ دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان نادیارە و هاووڵاتییەکی دیکەی دیواندەرەیی دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ناهید خوداجوو، ژنە چالاکی کرێکاری و خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران و ئەندامی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، کۆتایی حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و چارەنووسی ناڕوونە.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەر، لە ماڵی تایبەتیی خۆیدا بەبێ هۆکار دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، کەیوان ڕەسووڵی ئازەر، خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ناوبراو هاووڵاتیی تەمەن ٤٣ ساڵی خەڵکی شنۆ و باوکی منداڵێک، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شنۆ، بە سەرۆکایەتیی عەلی ئەنساری سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
ناوبراو کارمەندی شارەوانیی شنۆ بووە بە ناردنی زانیاری بۆ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی ئێران تۆمەتبار کراوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ بەسەر گواستنەوەی لەپڕ و بێئاگاداركردنەوەی بنەماڵە و پارێزەری «پەرهام پەروەری»، بەندکراوی سیاسیی کوردی سزادراو بە ١٥ ساڵ بەندکران، بۆ بەندیخانەی زاهێدان، هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووس و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
پەرهام پەروەری ٤ ساڵ و ١١ ڕۆژە بەبێ بەهرەمەندبوون لە تەنانەت یەک ڕۆژ مورەخەسی لە بەندیخانەیە کە ٣ ساڵ و نزیکەی ٤ مانگی لە دوورخرانەوە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تێپەڕاندووە.
شایانی باسە ناوبراو ڕاهێنەر و خاوەنی میداڵی پێشبڕکێکانی مەلەوانی و دەرچووی بەشی ئەندازیاریی مێکانیکە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «پژمان ئەمانی»، لاوی ١٨ ساڵانی خەڵکی سەقز، ناوبراو هێشتا لە لە مافی هەرچەشنە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەری کراوە و لە شوێنێکی نادیاردا لەژێر لێپرسینەوەدایە و هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخ و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەک بە ناوی “باسیت عەلیزادە”، خەڵکی شاری دیواندەرە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.