کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و فاتمیوون بەلووچستان

14:23 - 21 رەزبەر 2726

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، لە دەوروبەری کاتژمێر ٦ی بەیانی، دوای شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداریی چەند کاتژمێریدا لەنێوان سپای تێرۆریستیی پاسداران و هێزێکی چەکدار لە چیاکانی ناوچەی "چاهـ ئەحمەد" سەر بە شارستانی تەفتان، زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و فاتمیوون کوژراون و چەندین ئەندامی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی «حاڵوەش» «ئەم پێکدادانەی کە تێیدا کەڵک لە چەکی سووک، نیوەقورس و قورس وەرگیراوە، لە کاتژمێر ٦ی بەیانیی ئەمڕۆوە لە بەرزاییەکانی چیای "لۆپ" سەر بە ناوچەی چاهـ ئەحمەد و "ئەرزەنتاک"ـی شارستانی تەفتان لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و کەسانی چەکدار ڕووی دا و چەند کاتژمێر بەردەوام بووە.

لە سەرەتای پێکدادانەکەدا نزیکەی ١٨ ماتۆرسیکلێت و چوار ئۆتۆمبیل هەڵگری هێزی نیزامیی سپای پاسداران ئامادە بوون و پاش چڕبوونەوەی پێکدادانەکە نزیکەی ٤٠ ئۆتۆمبیلی هێزی پاڵپشتیی نوێی ڕێژیم ڕوانەی شوێنی پێکدادانەکە کراون.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، هاوکات لەگەڵ پاشەکشە و دەرچوونی سەرکەوتووانەی لایەنی بەرانبەر لە شوێنی پێکدادانەکە، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم دەستیان بە تۆپبارانکردنی چڕوپڕی بێئامانج و بەکارهێنانی چەکی قورس بەرەو بەرزاییەکانی ئەو شوێنە کردووە.

هەرچەند هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم تەنیا بانگەشەی کوژرانی سێ کەسی چەکداری لایەنی بەرانبەریان کردووە، بەڵام سەرچاوە سەربەخۆ خۆجێییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە زیاتر لە ٢٠ ڕێژیم لەم پێکدادانەدا کوژراون.

شایانی باسە لە دوو حەفتەی ڕابروودا بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانانەوە کە زۆربەیان بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی لەئەستۆی گرتووە، بێجگە لە ئاماری ئەمڕۆ، زیاتر لە ١٤ فەرماندە و هێزی چەکداری ڕێژیم کوژراون و ڕێژەکی زۆریش بریندار بوون.