کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمیری قەتەر: کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا سەروەریی خاکی قەتەری پێشێل کردووە

14:30 - 21 رەزبەر 2726

مستەفا شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر لە وتارێکدا لە پارلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا سەروەریی قەتەری پێشێل کردووە و جەختی کردەوە کە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیخوازانە، هەرگیز بە مانای چاوپۆشیکردن لە بەرگریکردن لە وڵات نایێت.

ئەمیری قەتەر لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی گرت و ئاماژەی بەوەدا که پاراستنی سەروەریی وڵاتانی شۆرای هاوکاریی کەنداو هێڵێکی سوورە.

ناوبراو ستراتێژیی وڵاتەکەی لە چوار خاڵدا خستە ڕوو کە بریتییە لە: "بەرگری لە وڵات بەبێ تێوەگلان لە شەڕ، پاراستنی خزمەتگوزاری و زنجیرەی دابینکردن، بەشداری لە هەوڵەکانی ئاگربەست، و هاندانی گفتوگۆکان."

ناوبراو هەروەها نیگەرانیی خۆی لە داخستنی گەرووی هۆرمۆز و زیانگەیشتن بە کێڵگەی "ڕەئس لەفان"ی دەربڕی کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەناردەکردنی گازی قەتەر بۆ بازاڕەکانی جیهان هەبووە.

لە کاتێکدا قەتەر لەگەڵ پاکستان ڕۆڵی نێوبژیوانی بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ گێڕاوە، بەڵام هاوکات ڕووبەڕووی هێرشی ڕێژیمی ئێران و تێکچوونی ڕێڕەوە بازرگانییەکان بووەوە، کە ئەمەش مەترسیی لەسەر پێگەی دەوحه وەک دابینکەری سەرەکیی گازی سروشتیی جیهان دروست کردووە.