ڕۆژنامەی ئیسرائیلیی "هائارتس" ئاشکرای کرد کە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە نێوبژیوانیی واشنگتۆن هەوڵ دەدات بۆ بەشداریکردنی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حوسییەکانی یەمەن ڕەزامەندیی عەرەبستان بەدەست بێنێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستان، دژایەتیی خۆی لەگەڵ هەر جۆرە دەستێوەردانێکی سەربازیی ئیسرائیل دەربڕیوە؛ چونکە لێکەوتەی نەرێنیی لەسەر ڕای گشتیی وڵاتەکەی دەبێت.
لە بەرانبەردا، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی سەرەکیی نێتانیاهوو لەم هەنگاوەدا، نەک تەنیا لێدانی حوسییەکان، بەڵکوو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕیاز و خۆشکردنی ڕێگە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیانە.
نێتانیاهوو پێشتر لە پەیامێکدا هێرشە مووشەکییەکانی سەر فڕۆکەخانەی ڕیازی بە توندی مەحکووم کردبوو کە بووە هۆی کوژرانی ١٤ کەس.
لەلایەکی ترەوە، حوسییەکان بە کۆنتڕۆڵکردنی بەندەری دەریایی مەخا و گەرووی بابولمەندەب کە ١٢٪ی بازرگانیی جیهانیی پێدا تێدەپەڕێت، پێگەی خۆیان بەهێز کردبوو، بەڵام دواتر هێزەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی عەرەبی توانییان بەندەرەکە وەربگرنەوە.
هەوڵە ژێربەژێرەکانی نێتانیاهوو بۆ چوونە ناو هاوکێشەی شەڕی یەمەن لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، گوشارەکانی بۆ سەر ڕیاز زیاتر کردووە تا لە چوارچێوەی "پەیمانی ئیبراهیم"دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.