سندووقی نێودەوڵەتیی پارە لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئابووریی ئێران لەم ساڵدا بە ڕێژەی ٧.٦٪ بچووک دەبێتەوە و وڵاتانی کەنداویش تووشی سستبوون و داڕمانی قووڵی ئابووری دەبن.
بەپێی ڕاپۆرتی "دوورەدیمەنی ئابووریی جیهان"، لە کاتێکدا گەشەی ئابووریی جیهانی بەهۆی وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرددا بۆ ٣.١٪ زیادی کردووە، بەڵام لێکەوتەکانی شەڕ و ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی وزە لە گەرووی هۆرمۆز، زیانی گەورەیان بە ناوچەکە گەیاندووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، جگە لە ئێران بە ٧.٦٪، ئابووریی عێراق بە ڕێژەی ١٦٪، کوەیت ١٦.٧٪، قەتەر ١٥.٦٪ و عەرەبستان بە ڕێژەی ٣.٣٪ تووشی داڕمان دەبن.
ئەم دامەزراوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامیی شەڕدا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گرانبوونی سوتەمەنی و تێکچوونی ڕێڕەوە ئاوییەکان، هەڕەشەی جیددی لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە و دەیان میلیۆن کەسی دیکەی ڕووبەڕووی هەژاریی سەخت کردووەتەوە.
پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی پارە لەسەر بڕیارەکانی کرانەوەی گەرووی هۆرمۆز لە ساڵی داهاتوودا هەڵچنراون؛ بەڵام بەردەوامیی ئاڵۆزییە سەربازییەکان، مەترسیی گەیشتنی نرخی نەوت بۆ ١٣٠ دۆلار و داڕمانی زیاتری ژێرخانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و ناوچەکەی زیاتر کردووە.