لە کاتێکدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئامارەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران زۆر کەمتر لە ڕاستییەکان نیشان بدات، داتا دژبەیەکەکانی ناو دامەزراوەکانی خۆی دەرخەری ئەوەن کە ڕۆژانە بە دەیان کرێکار دەبنە قوربانیی نەبوونی ئەمنییەتی کار و شاردنەوەی سیستماتیکی ئامارەکان.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە کاتێکدا ڕێژیم لە ڕێگەی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی تەنیا ٦٦٨ حاڵەتی گیانلەدەستدانی کرێکارانی لە ساڵی ١٤٠٤دا تۆمار کردووە، ڕێژەی ڕاستەقینەی ڕاگەیەندراو لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە نزیکەی ٢.٨ هێندە زیاترە و تەنیا لە ١١ مانگدا هەزار و ٨٧٩ حاڵەتی مەرگی بەهۆی کارەوە دەرخستووە.
ئەم ناکۆکییە قووڵە تەنیا جیاوازییەکی ژمارەیی نییە، بەڵکوو نیشان دەدات بەشێکی زۆری کرێکاران، وەک کرێکارە نافەرمییەکان، کرێکارانی وەرزی، کۆچبەران و بێ بێمەکان بە تەواوی لە داتاکانی ڕێژیم پشتگوێ خراون و سڕاونەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، لە خشتە ئامارییەکانی ڕێژیمدا زۆربەی رووداوەکان بە ناوی بیئاگایی یان کەمتەرخەمیی کرێکار تۆمار دەکرێن تا کاربەدەستان و خاوەنکارەکان لە بەرپرسیارییەتیی دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی و ستانداردەکان بێبەری بکەن، لە کاتێکدا هەزاران کرێکار لەژێر گوشاری سەختی بەرهەمهێنان و بێبایەخیدا کار دەکەن.
ناڕوونیی ئامارەکان و دروستکردنی وێنەیەکی ساختە لە دۆخی ئارامی بازاڕی کار لەلایەن دەزگاکانی ڕێژیمەوە، دەریدەخات کە چۆن ژیان و گوزەرانی چینی زەحمەتکێش و دەیان میلیۆن کرێکاری بێپەنا بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و داپۆشینی قەیرانەکان قوربانی دەکرێن.