لە کاتێکدا ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بە مەرگی ساڵانەی ٢٠ هەزار کەس لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا دەکەن، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم باسی لە جێبەجێنەکردنی ستانداردەکان، کواڵێتیی نزمی ماشینەکان و ناڕێکیی ڕێگەوبانەکان کرد کە بوونەتە هۆی دروستبوونی کارەساتی مەترسیدار بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان.
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ستاندارددا دانى بەوەدا نا کە ساڵانە بەهۆی کارەساتی جاددەییەوە نزیکەی ٢٠ هەزار هاووڵاتی (کە زۆربەیان لاون) گیان لەدەست دەدەن.
ناوبراو ئاماژەی بە جیاوازی قووڵی گەورەی نێوان ستانداردەکان و قۆناغەکانی بەرهەمهێنان کرد و وتی: "ئەگەر ئەیربەگی ماشینەکان لە کاتی خۆیدا کرابایەتەوە، هەرگیز شایەتی ئەم ژمارە بەرزەی کوژراوان و برینداران لە جاددەکاندا نەدەبووین."
زەفەرقەندی هەروەها دانی بە کاریگەریی وێرانکەری پیسبوونی هەوا، سووتاندنی مازۆت و نەبوونی ئەمنییەتی ژینگەی کار لەسەر تەندروستیی گشتیدا نا؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام هەوڵی شاردنەوەی نەبوونی کوالێتیی ماشینە نێوخۆیییەکان و داڕمانی ژێرخانی ڕێگەوبانەکان دەدەن.
ساڵانە هەزاران هاووڵاتی لە ئێران دەبنە قوربانیی ماشینە بێکواڵێتی و نائەمنەکانی پیشەسازیی ماشینسازی سەر بە ڕێژیم و ڕێگەوبانە بێستانداردەکان؛ لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هەمیشە بەرپرسیارییەتییەکە دەخەنە ئەستۆی هەڵەی شۆفیران.