کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی پێکدادانەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو لە تەفتان، کۆرین و چابەهاری بەلووچستانی گرتە ئەستۆ

10:46 - 22 رەزبەر 2726

«بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، بەرپرسیاریەتیی زنجیرەیەک پێکدادان، کەمین و تەقینەوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی لە شارەکانی تەفتان، کۆرینی زاهێدان و چابەهار لە ئەستۆ گرت.

ئەم بەرەیە ڕایگەیاند کە هێزەکانی سپای پاسداران و چەکدارانی «فاتمیوون» بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەزبەر هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانیان لە بەرزاییەکانی چاهـ ‌ئەحمەدی تەفتان.

 بەپێی ئەم بەیاننامەیە، یەکەم گرووپی سەربازی کە بریتی بوو لە ستوونێکی ماتۆڕسیکلێت، لە کاتی چوونە ناو دۆڵی شوێنی پێکدادانەکە کەوتە ناو کەمینێکەوە کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٠ کەس لەو هێزانە، بە پلەی یەکەم لە چەکدارەکانی فاتمیوون بە فەرماندەیی مەیدانیی پاسدار «یاسر باقری» کوژران.

ئەم بەرەیە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بە کەڵکوەرگرتن لە تاریکیی شەو پاشەکشەیان کردووە، بەڵام  بەهۆی تۆپباران و بە کارهێنانی دڕۆن، گیانلەدەستدانی سێ کەس لە ئەندامانی خۆی لە ڕەوتی ئەم پێکدادانە ١٢ کاتژمێرییەدا پشتڕاست کردەوە.

لە بەشێکی تری ئەم بەیاننامەیەدا ئاماژە کراوە بە تەقینەوەی دوو مین لە ڕێڕەوی هاتوچۆی کاروانی هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی «کوهـ کەلە»ی سەر بە پیرسووڕانی ناوچەی کۆرینی زاهێدان، بووە هۆی تێکشکاندنی ئۆتۆمبیلی ئەو هێزە تێرۆریستییەی ڕێژیم.

ئەم بەرەیە هەروەها بەرپرسیاریەتیی هێرشی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە بۆ سەر هێزە جێگیرکراوەکانی ڕێژیم لە ڕەمینی چابەهاری لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا هایلۆکس و ماتۆڕسیکلێت کە هەڵگری هێزەکانی سپا و فاتمیون بوون، لە کاتی دەرچوون لەم بنکەیەدا دراونەتە بەر دەستڕێژ و زیانی گیانیی زۆر بەر هێزەکانی ڕێژیم کەوتووە.

شایانی باسە لەو پێکدادانانەی ئەو سێ ناوچەیەدا، زیاتر لە ٢٠ چەکداری سپای پاسداران و فاتمیوون کوژراون و ڕێژەیەکی زۆریش بریندار بوون.س

لە کۆتایی بەیاننامەی بەرەی خباتگێڕانیی خەڵکیدا هاتووە کە "ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ بە بارمتەگرتنی نیشتمانە خۆشەویستەکەمان، خەریکی دوا هەوڵەکانی خۆیەتی بۆ بەردەوامیدان بە ستەمی ٤٧ ساڵەی لەسەر خەڵکی ئێران، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێژیم گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگای تەمەنی خۆی و ئێمە جیهان لە شەڕی ئەم ڕێژیمە مەزهەبگەرایەی ویلایەتی فەقێ ڕزگار دەکەین".