کەین مەک کاڵۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی زانیاریی نێوخۆیی بریتانیا (MI5)، هۆشداریی دا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی ناوەندە هەستیارەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی مەترسیدار زیاد کردووە.
مەک کاڵۆم لە وتارە ساڵانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە لەم ساڵدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئاراستەی هێرش و پیلانگێڕییەکانی تاراندا ڕوویداوە و ئامانجە سەربازییەکان کەوتوونەتە ناوەندی چاوەدێرییەوە.
سەرۆکی MI5 ئاماژەی بە پلانگێڕییەکی ئەگەری دژی بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد"ی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بریتانیا کرد؛ هەمان ئەو بنکەیەی کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە ڕەوتی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کەڵکیان لێ وەرگرتبوو.
مەک کاڵۆم ڕایگەیاند کە ڕووداوی فێرفۆرد تەنیا حاڵەت نەبووە، بەڵکوو نموونەی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش تۆمار کراون. پێشتریش سەرۆکوەزیرانی بریتانیا پشتڕاستی کردبووەوە کە بە ئەگەری زۆر تاران لە پشت ئەم پیلانانەوە بووە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەک کاڵۆم ڕووسیەی وەک هەڕەشەی ژمارە یەک لە قەڵەم دا کە شەڕی تەرکیبیی دژی وڵاتانی ڕۆژاوا توندتر کردووە.
ناوبراو هەروەها هۆشداریی توندی دا کە گەورەترین نیگەرانیی سەردەم، ئەگەری سوودوەرگرتنی گرووپە تێرۆریستییەکانە لە تێکنۆلۆژیی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی چەکی بیۆلۆژیکیی مەترسیدار و پەرەپێدانی نەخۆشییە نوێیەکان، کە ئەمەش ئاستی هەڕەشە ئەمنییەتییەکانی بۆ سەر ئارامیی جیهانی چەند قات زۆرتر کردووە و پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی بەپەلە هەیە.