کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبوردنی نێودەوڵەتی: ڕێژیمی ئێران سێدارە وەک چەکێک بۆ ترساندن و بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنێت

10:56 - 22 رەزبەر 2726

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە هۆشدارییەکی تونددا جەختی لەسەر پەرەسەندنی شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران کردەوە و داوای ئەنجامدانی گوشاری دیپلۆماسیی بەپەلە، ڕاگرتنی سێدارەکان و ڕەوانەکردنی دۆسییەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد.

بەپێی بەیاننامەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتدارانی ڕیژیمی ئێران لە نێوان ٨ تا ١٣ی ڕەزبەردا پێنج خۆپیشاندەری پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباریان لە دوای دادگاییەکی نادادپەروەرانە و بە ئەشکەنجەی سەخت لە سێدارە داوە.

ئەو ڕێکخراوە ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لانیکەم ٣٤ کەسی لە پەیوەندی بەو خۆپیشاندانانە لە سێدارە داوە و دەیان کەسی دیکەش لەژێر هەڕەشەی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی سیاسیدان.

دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دا کە ڕێژیمی ئێران بە بیانووی بارودۆخی شەڕ و هەڕەشەی ئەمنییەتی، سەرکوتکارییەکانی چڕتر کردووە تا لە ڕێگەی بەکارهێنانی سێدارەوە تێچووی ناڕەزایەتییەکان بەرز بکاتەوە و ترس لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە.

ئەلتەحاوی جەختی لەوە کردەوە کە ئاگاداربوون لە ئەشکەنجەدانی تۆمەتباران، بەکارهێنانی دانیپێدانانی زۆرەملێ، بێبەشکردنیان لە پارێزەر و بڕیارەکانی دادگای ئینقلاب، گاڵتەکردنە بە دادپەروەری و بێباکیی ڕێژیم بەرانبەر بە مافی ژیان دەردەخات.

داواکاریی لێبووردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕەوانەکردنی دۆسییەی ئێران بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەکاتێکدایە کە بەپێی ئاماری چالاکوانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٢ هەزار و ٣  کەس لە ئێران لە سێدارە دراون؛ هاوکات هەڵمەتەکانی وەک "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" و مانگرتنی ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاستی نیگەرانییە جیهانییەکانی بەرانبەر بێسزا دەرچوونی سیستماتیکی بەرپرسانی ڕێژیم گەیاندووەتە لووتکە.