کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکیی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» لە حەفتەی ١٤٢ـەمدا لە ٦٦ زیندانی جیاوازدا

11:01 - 22 رەزبەر 2726

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ١٤٢ـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی خۆیاندا لە ٦٦ بەندیخانە لە سەرانسەری ئێران، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە یەک ساڵی ڕابردووی زایینیدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ٢ هەزار و ٢٣٠ بەندکراوی لە سێدارە داوە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕۆژی جیهانیی دژ بە سزای لەسێدارەدان بوو. ئێمە لەکاتێکدا ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرین کە لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ تا ئۆکتۆبەری ٢٠٢۶ زیاتر لە ٢٢٣٠ کەس لە ئێران لەوانەش ٥٤ ژن، ٤٧ زیندانیی سیاسی و ٤ منداڵ لەسێدارە دراون".

هەروەها لەو بەیاننامەدا نووسراوە کە لەم حەفتەیەدا جینا ڕۆمیرۆ، ڕیپۆرتێری ئازادی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتگیری و هاوهەڵوێستیی خۆی لەگەڵ کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» ڕاگەیاند و پشتگیریی ناوبراو دڵگەرمییەکی گەورەیە بۆ ئەو زیندانییانەی کە لە سێبەری هەڕەشەی لەسێدارەداندا، بۆ کەرامەتی مرۆیی دەوەستنەوە.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئێمە کە سەدوچل و دوو حەفتەی بەدوای یەکدا هاوار دەکەین کە هیچ مرۆڤێک نابێت ببێتە قوربانیی سێدارە، داوا لە هەموو ویژدانە هۆشیارەکانی مرۆڤایەتی، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکەین کە لە سنووری مەحکوومکردنی زارەکی تێپەڕن و بۆ دروستکردنی هەوڵێکی کرداری و بەپەلە بەمەبەستی ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان لە ئێران هەنگاو بنێن و لەم ڕۆژە تاریکانەی سەرکوتدا، خەڵکی ئێران بە تەنیا مەهێڵن".