کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژی نێتانیاهوو و ترامپ بۆ تاوتوێی هێرشی هاوبەش بۆ سەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکان

11:04 - 22 رەزبەر 2726

پێگەی هەواڵیی "ئاکسیۆس" لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە دۆناڵد ترامپ و بێنیامین نێتانیاهوو، پێش ئەوەی ترامپ بە ئاشکرا کردەی سەربازی پێش هەڵبژاردن ڕەت بکاتەوە، ڕاوێژیان سەبارەت بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە و هاوبەش دژی ئێران کردووە.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی، نێتانیاهوو بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان بانگەشەی کردووە کە ئێران هەنگاوی مەترسیدار بۆ بونیادنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەنێت، لەوانەش ئەگەری کارپێکردنی سايتی "کێوی پیکاکس" بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی گفتوگۆی ترامپ و نێتانیاهووی بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بە درۆ وەسف کردووە و جەختی لە ئەنجامنەدانی هێرش تا پێش هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەرتەشی هەردوو وڵات لە ئامادەباشیی تەواودان تا لە حاڵەتی گۆڕانی بڕیاری ترامپدا ئامادە بن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە واشنگتۆن، پێت هێگسێت وەزیری شەڕ و سەرۆکی سێنتکام لە پشتیوانە سەرەکییەکانی هێرشی دووبارەن، بەڵام زۆربەی ڕاوێژکارەکانی ترامپ جەخت لەسەر بەردەوامیی گوشارە ئابوورییەکان دەکەنەوە.

هاوکات ئەیال زەمیر، سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل هۆشداری داوە کە بەپێی ئەگەری وڵامدانەوەی مووشەکیی ئێران، دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان دەکرێت ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە ٥ی خەزەڵوەردا.