کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپێک: بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ خوار دوو میلیۆن بەرمیل دابەزیوە

11:08 - 22 رەزبەر 2726

لەکاتێکدا کێبڕکێی بازاڕی وزە لە ناوچەکەدا گەرمە و هەناردەی وڵاتانی عەرەبی گەڕاوەتەوە ئاستی پێش شەڕ، قەیرانی ئابووریی ئێران قووڵتر بووەتەوە و ئۆپێک ئاشکرای کرد کە بەرهەمهێنانی نەوتی ڕێژیمی ئێران بۆ خوار دوو میلیۆن بەرمیل دابەزیوە و تەنیا بەشی پێداویستیی نێوخۆ دەکات، هاوکات هەناردەکردنیشی بە تەواوی ڕاوەستاوە.

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا ٩٩ هەزار بەرمیل کەمی کردووە و بۆ ١ میلیۆن و ٩٥٧ هەزار بەرمیل دابەزیوە؛ کە تەنیا یەکسانە بە بەکاربردنی نێوخۆیی نەوت لە ئێراندا.

ئەمە لەکاتێکدایە که تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣.٢٦ میلیۆن بەرمیل بووە.

لە بەرانبەردا، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئەندامەکانی تری ئۆپێک بە ئەژمارکردنی ئێمارات لە مانگی سێپتامبردا لە ٢٥ میلیۆن بەرمیل تێپەڕیوە کە نزیکەی هاوئاستی بەهەمهێنانی ساڵی ٢٠٢٥ی ئەم کۆمەڵەیەیە.

لەو پەیوەندییەدا، "تانکر تراکێرز" ڕایگەیاندووە کە هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی وڵاتانی عەرەبیی ناوچە لە مانگی ئێستادا گەیشتووەتە ١٧ میلیۆن و ٢٧٠ هەزار بەرمیل، کە هاوئاستی سەردەمی پێش شەڕە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە نێوەڕاستی مانگی ژوئیە بەهۆی گەمارۆ دەریایی و ئابوورییەکانی ئەمریکا ڕاوەستاوە.