کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی توندی ترامپ: چاوەڕوان بن و ببینن چ بەسەر ئێراندا دێنین

13:52 - 22 رەزبەر 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ویلایەتی ئالاسکا، هەڕەشەی توندی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە سەبریان بەسەر چووە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پاش هەڵبژاردنەکان هەڵوێستێکی توند بەرانبەر تاران دەگرنەبەر و ڕێگە نادەن دەستیان بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.

ترامپ لە وتارەکەیدا ڕووی لە لایەنگرانی کرد و وتی: "چاوەڕوان بن و ببینن لەگەڵ ئێراندا چ دەکەین. ئێمە بەتوندی ڕووبەڕوویان دەبینەوە و ئیتر سەبرمان نەماوە."

سەرۆککۆماری ئەمریکا سەرەڕای ئاماژەدان بەوەی کە بەرپرسانی ئێران تەنیا چاوەڕوانن، جەختی کردەوە کە بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە ئەوان هەرگیز دەستیان بە چەکی ئەتۆمی ڕاناگات.

هەروەها ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سوشیاڵ"، هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکانی بۆ سەر عەرەبستان بە فەرمانی ئێران زانی و نووسیویەتی کە حوسییەکان بە مەبەست هەوڵ دەدەن نرخی نەوت پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەرز بکەنەوە.

ترامپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا هۆشدارییەکی توندی دا و نووسی: "با کەسێک ئێرانییەکان تێبگەیەنێت کە من لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نیم؛ چونکە پێشتر بە جیاوازییەکی زۆر بردبوومەوە. بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان بەدوایاندا دەچم و ئەمە هەرگیز لەبیر ناکەم."