کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوای دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی بۆکانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە

14:04 - 22 رەزبەر 2726

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەرکام لە ڕەزا مەعرووفی ئەقدەم و بێهزاد ئیبراهیمپوور دوو هاووڵاتیی بۆکانی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەزبەر، ڕەزا مەعرووفی ئەقدەم، تەمەن ٥٨ ساڵ، خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی کوردپا، کاتژمێر ٦ی بەیانی، هێزەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

هەروەها کوردپا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەر، بێهزاد ئیبراهیمپوور تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی سەلاح و خەڵکی ئاوایی «گۆگجەلی» سەر بە ناوچەی «ئاڵەشین»ی بۆکان، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

کاتژمێر ٨ی بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دەسبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و ڕێژیمیش هیچ ڕووکردنەوەیەکی لەمبارەوە نەداوە. هەروەها، ناوبراوان هێشتا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەشن.