کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادانی میلیاردیی دووەم گەورە بانکی ئەمریکا بەهۆی پێشێلکردنی سزاکانی ئێران

14:31 - 22 رەزبەر 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سزادانی دامەزراوەی دارایی "بانک ئاف ئەمریکا"ی بە بڕی زیاتر لە یەک میلیارد و ۲۱۰ میلیۆن دۆلار ڕاگەیاند. ئەم سزایە بەهۆی کەمتەرخەمیی ڕێکخراو لە ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پێشێلکردنی سزاکانی واشنگتۆن، بەتایبەت سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەسەر ئەو بانکەدا سەپێنراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداری، دووەم گەورە بانکی ئەمریکا زیاتر لە پێنج میلیارد دۆلار مامەڵەی دارایی گوماناوی ڕانەگەیاندووە کە بەشێکی پەیوەندیدار بووە بە ئەمنییەتی نەتەوەییەوە.

هەروەها بەهۆی هەڵەی مرۆیی و تەکنیکییەوە، چەندین میلیۆن دۆلار مامەڵەی بە پێچەوانەی سزاکانی سەر ئێران، ڕووسیە و بێلارووس ئەنجام داوە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە کەمتەرخەمیی بانکە گەورەکان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان، تەواوی سیستەمی دارایی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.

لە بەرانبەردا وتەبێژی بانکەکە ڕایگەیاند کە پێبەند دەبن بە چاککردنی ئەو کەموکورتییانەی لەلایەن دەزگا چاوەدێرییەکانەوە دەستنیشان کراون.

ئەم سزا قورسە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی ئابووری" بە فەرمانی ترامپ، گوشارەکانی بۆ سەر تۆڕەکانی خۆدزینەوە لە سزاکانی ئێران و بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران توندتر کردووەتەوە.