کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی پێکدادان و ڕووداوی نوێی سەربازی و دەریایی لە گەرووی هۆرمۆز

14:35 - 22 رەزبەر 2726

گرژییە ناوچەییەکان لە گەرووی هۆرمۆز گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و لە تازەترین پەرەسەندندا، ئیدارەی ناوچەیی لە هۆرمۆزگان پێکان و برینداربوونی سێ کەسی لە ئەنجامی هێرشی دڕۆنێکی نەناسراو بۆ سەر کەشتییەکی ماسیگری لە ئاوەکانی سیریک پشتڕاست کردەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە سپای تێرۆریستی پاسداران پاش لەنێوبردنی بەشێکی گەورەی تۆڕی ڕاداری، ئێستا پەنا بۆ چاوەدێریی بێچەک لەنێو بەلەم و کەشتییە بچووکەکان دەبات بۆ ئاراستەکردنی هێرشەکان کە تێیدا حەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئەمریکا ناچار بوون بەلەمێکی لەو شێوەیە لەنێو ببەن.

لە بەرانبەردا، هێزی دەریایی سپای تێرۆریستیی پاسداران بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، کەشتییەکی گەورەی بارهەڵگر بە بار و زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ کانتینێرەوە، لە باشووری گەرووی هۆرمۆز بەهۆی بەرکەوتن بە مینێکی دەریایی ئاگری گرتووە و نوقم بووە.

ئەگەرچی ناوەندە سەربەخۆکان و ڕێکخراوە دەریاییەکانی بریتانیا هیچکامیان ئەمەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ناوەندی زانیاریی دەریایی هۆشداریی داوە کە ئاستی هەڕەشەکان گەیشتووەتە لووتکە و مەترسیی هێرشی بەئەنقەست لە ناوچەکەدا زۆر بەرزە.