کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ پێویستییەک لە قۆناغی گۆڕانکاریی ئێراندا

08:05 - 23 رەزبەر 2726

شەهێن زادئەحمەد

هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکان خۆبەخۆ گەرەنتیی گۆڕانکاری ناکات، بەڵکوو مەرجی سەرەکییە بۆ کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی، داڕشتنی گوتارێکی هاوبەش و، بەشداریکردنی کاریگەر لە داڕشتنەوەی چارەنووسی سیاسیدا.

ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە هاوپەیمانی کاتێک دەتوانێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی بخوڵقێنێت کە پشتبەستوو بە پەیوەندیی پتەو لەگەڵ جەماوەر، بەرنامەیەکی تۆکمەی کار و توانای بڕیاردان و مانۆڕی سیاسیی هاوبەش بێت. لەو ڕوانگەیەوە، پێکهاتنی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەنگاوێکی مێژوویی و گرنگە؛ بەڵام کاریگەری و سەنگەکەی بە کردار و بەردەوامیی ئەو هاوپەیمانییە لە گۆڕەپانی خەباتدا دیاری دەکرێت، نەک تەنها بە ڕاگەیاندنی دامەزراندنی.

ئەم بابەتە پێویستە لە سێ ئاستی سەرەکیدا هەڵبسەنگێندرێت:

یەکەم: یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی نێوخۆیی حیزبەکانی کوردستان؛

دووەم: هاوکاری و دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی دیکە؛

سێیەم: پەیوەندی و دیپلۆماسیی کاریگەر لەگەڵ وڵاتان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

ئەم سێ ئاستە تەواوکەری یەکترن، بەڵام جیاوازن و پێویستە لە هەر یەکەیاندا بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ و بەرپرسیارانە هەنگاو بنرێت.

هاوپەیمانی لە مێژوودا

نموونەی بزووتنەوەی «سۆلیداریتی» لە لەهێستان نیشان دەدات کە هاوپەیمانیی سیاسی دەتوانێت دەروازەی سەرەکیی گۆڕانکاری بێت کاتێک لەسەر بنەمای هاوکاریی فراوان، دیالۆگی نیشتمانی و ڕێککەوتنی ستراتیژیک بنیات بنرێت. گفتوگۆکانی مێزی بازنەیی لە ٦ی فێوریە تا ٥ی ئاوریلی ١٩٨٩ بەڕێوەچوون و بە ڕێککەوتن لەسەر ڕیفۆرمی سیاسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیمچەئازاد کۆتاییان هات. لە هەڵبژاردنەکانی ٤ی ژوئەنی ١٩٨٩دا، کاندیدەکانی سۆلیداریتی هەموو ئەو کورسییانەیان بردەوە کە لە پەرلەمانی خواروودا ڕێگەی کێبڕکێیان پێدرابوو و، ٩٩ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسیی ئەنجومەنی سێناتیشیان (پیران) بەدەستهێنا. ئەو سەرکەوتنە گەورەیە پڕۆسەی گۆڕانی سیاسیی لەهێستانی خێراتر کرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی تۆتالیتێر هێنا.

ئەم نموونەیە بە مانای ئەوە نییە کە هەمان ڕێڕەو بە هەموو وردەکارییەکانیەوە لە ئێرانیش دووبارە دەبێتەوە؛ چونکە بارودۆخی مێژوویی، پێکهاتەی دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەر وڵاتێک جیاوازن. بەڵام وانەیەکی گشتگیر و حاشاهەڵنەگر پێشکەش دەکات: هاوپەیمانی کاتێک دەگاتە ئامانج کە ڕەگی لە نێو کۆمەڵگەدا بێت، لە ئاستی نەتەوەییدا خاوەنی هێزی دیالۆگ بێت و، بۆ قۆناغی دوای ڕووخان بەرچاوڕوونی و ڕێڕەوی سیاسیی دیاریکراوی هەبێت. هاوپەیمانییەک کە لە سنووری ڕاگەیاندنی هاوبەشدا قەتیس بمێنێتەوە، ناتوانێت بە تەنیا هاوسەنگییە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بگۆڕێت.

قەیرانی ئێران و دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بە چاوخشاندنێک بە قەیرانی گشتیی ئێران و دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەبینین کە ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە کۆتایی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦، پێی ناوەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی بەخۆوە بینیوە. ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ڕاپۆرتی حکوومەتی بریتانیا، ئاماژە بەوە دەکەن کە ناڕەزایەتییەکان لە ٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥ لە بازاڕەکانی تارانەوە بەهۆی داڕمانی ئابووری و خراپبوونی بژێویی ژیان سەریان هەڵدا و بە خێرایی تەواوی جوغرافیای ئێرانیان گرتەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە تەنیا داخوازیی کاتیی ئابووری نین، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ویستێکی گشتگیر و شۆڕشگێڕانەی زۆرینەی ڕەهای خەڵکن بۆ تێپەڕین لە تەواوی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی.

لەو نێوەندەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری هاوبەشی لە قەیرانە گشتییەکانی ئێراندا، بەهۆی ستەمی نەتەوەیی و سیاسەتی سیستماتیکی دەسەڵات، بارودۆخێکی تایبەت و هەستیارتری هەیە. هەڵاواردن، بێکاریی بە ئەنقەست، گەشەپێنەدراوی و هەژاریی سەپێنراو بەسەر شار و ناوچەکانی کوردستاندا، هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی دەرفەتەکانی کار، خوێندن بە زمانی دایک و بەشداریی سیاسی، پرسی کوردستانی لە بابەتێکی سادەی ئابووری و کولتوورییەوە گۆڕیوە بۆ کێشەیەکی بنەڕەتیی مافی دیاریکردنی چارەنووس، دابەشکردنی عادلانەی دەسەڵات و سامانی وڵات و، چەسپاندنی دادپەروەری.

لە لایەکی ترەوە، شوێنی ژێئۆپۆلیتیکی و ستراتیژیکی کوردستان لەسەر سنوورەکان و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، خەباتی سیاسی ئاڵۆزتر و لە هەمان کاتدا کاریگەرتر دەکات. هەر بۆیە داڕشتنی سیاسەتی هاوپەیمانی پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە هەیە کە هاوکێشە ناوچەییەکانیش لەبەرچاو بگرێت.

هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانیی ئێران

لە ٢٢ی فێوریەی ٢٠٢٦دا، پێنج حیزبی سەرەکیی کوردستانیی ئێران دامەزراندنی «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران»یان ڕاگەیاند. ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە بریتین لە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان، ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کە لە درێژەدا حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیشی پێوە پەیوەست بوو). پلاتفۆرمی ئەم هاوپەیمانییە لەلایەن بەرپرسانی باڵای حیزبەکانەوە واژۆ کرا و دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ و بەرپرسیارانە بە فەرمی ڕاگەیەنرا.

لەم پڕۆسەیەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆڵێکی دیاریکەری لە داڕشتنی بیرۆکەکە، لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان و پێداگری لەسەر پێویستیی حاشاهەڵنەگری یەکڕیزی گێڕاوە. بێگومان واژۆکردنی پلاتفۆرمەکە لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە، سەرمایەیەکی نیشتمانی و دەستکەوتێکی هاوبەشە بۆ تەواوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هاوپەیمانییە لە بەهێزکردنی یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی مەیدانی، بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و ئازادییە دیمۆکراتیکەکان و، مسۆگەرکردنی بەشداریی کاریگەری گەلی کورد لە دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی ئێران کورت دەبنەوە؛ ئامانجگەلێک کە دەبێ لە ڕێگەی کرداری شۆڕشگێڕانە و کاری بەردەوامەوە بخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.

پێنج خاڵی بەهێزی هاوپەیمانی کە پێویستە بکرێنە بنەما

پێنج خاڵی بەهێز و بنەڕەتی لەم هاوپەیمانییەدا هەن کە پێویستە بکرێنە سەنگەری سەرەکیی خەباتی هاوبەش:

• یەکخستنی گوتار: پەیامی حیزبە بەشداربووەکان بەرامبەر بە ڕووداوەکان و لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا یەکگرتوو و کاریگەرتر دەکات.

• بەهێزکردنی سەنگی دانوستان: توانای نوێنەرایەتیکردنی مافەکانی گەلی کورد لە هەر گفتوگۆ و هاوکێشەیەکی سیاسیی چارەنووسسازدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

• هاوکاری لەگەڵ پاراستنی فرەڕەنگی: بوار بۆ بەکارهێنانی خاڵە هاوبەشەکان دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە تایبەتمەندی و ناسنامەی سیاسیی هەریەک لە حیزبەکان پارێزراو بێت.

• چەسپاندنی پرسی کورد: دۆزی ڕەوای کوردستان و خواستە نەتەوەییەکان دەخاتە چەقی هەموو گفتوگۆیەکی پەیوەندیدار بە داهاتووی سیاسیی ئێران.

• پلاتفۆرمی هاوبەش بۆ دیالۆگ: دەبێتە چوارچێوەیەکی بەهێز بۆ هەڵوێستوەرگرتن و دیالۆگ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سەرتاسەری و نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران.

سێ ئاستی پێویستیی هاوپەیمانی بۆ حیزبەکانی کوردستان

• ئاستی یەکەم؛ هاوئاهەنگیی نێوان حیزبەکانی کوردستان:

ئەم ئاستە پێویستی بە بەرنامەیەکی کاری هاوبەش، میکانیزمی بڕیاردانی خێرا و لێکتێگەیشتن لەسەر بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان هەیە. جیاوازیی بیروباوەڕ و شێوازی خەبات لە نێو بزووتنەوەیەکی فرەڕەنگدا دیاردەیەکی سروشتییە؛ گرنگ ئەوەیە ئیرادەی سیاسی بۆ پاراستنی هاوپەیمانییەکە لە سەرووی هەموو جیاوازییەکانەوە بێت.

• ئاستی دووەم؛ هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران و نەتەوەکانی دیکە:

هەر چەشنە دیالۆگ و پەیمانێک لەم ئاستەدا دەبێت لەسەر بنەمای دانپێدانانی ڕوون بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، دێموکراسیی ڕاستەقینە، سیستەمی فیدراڵ و مافی یەکسانی نەتەوەکان بێت؛ بە جۆرێک کە کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی و بڕیاردەر لە هاوکێشەکەدا ئامادە بێت.

• ئاستی سێیەم؛ پەیوەندی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان:

وتاری یەکگرتووی دیپلۆماسی و دیپلۆماسییەکی چاڵاک دەتوانن دۆزی کورد بگەیەننە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان. پشتیوانیی نێودەوڵەتی ئەو کاتە بەدەست دێت کە هاوپەیمانییەکە وەک ئەلتەرناتیڤێکی دیمۆکراتیک، یەکگرتوو و خاوەن پێگەی بەهێزی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربکەوێت.

سنوورەکان و پێوەرەکانی سەرکەوتن لە هاوپەیمانیدا

سەرکەوتنی هاوپەیمانی تەنها لە ڕاگەیاندنی سەرەتاییدا کورت نابێتەوە. پێوەری سەرەکیی سەرکەوتن بریتییە لە: بەڕێوەبردنی هاوبەشی قەیرانەکان، بەکرداریکردنی بڕیارەکان لە مەیداندا، بەردەوامیی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەری خەڵک لە نێوخۆی وڵات و، بەرفراوانکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان و چالاکوانانی مەدەنی.

ئەم ڕوانگە واقیعی و نیشتمانییە ئێستا لە هەنگاوەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا بەدی دەکرێت، بەڵام پێویستی بە بەردەوامی، چاودێری و تۆکمەکردنی زیاتر هەیە تا بتوانێت وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییە بەرزەکانی گەلی کورد لەم قۆناغە هەستیارەدا بێت.

کۆتایی و دەرەنجام

لە کۆتاییدا، قەیرانی هەمەلایەنەی ڕێژیمی ئێران، ڕاپەڕینی بەردەوامی جەماوەر بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و، هەستیاریی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکە، پێویستیی یەکڕیزی و هاوپەیمانیی سیاسییان لە هەموو کات زیاتر کردووە.

پێکهاتنی هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستان وەڵامێکی بەرپرسیارانە بوو بە داخوازیی مێژوویی کۆمەڵگە. وانەی مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت کە سەرکەوتنی کۆتایی مسۆگەر دەبێت کاتێک بەرنامەی سیاسیی هاوبەش، ئیرادەی حیزبەکان و پشتیوانیی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری گەلی کوردستان لە یەک سەنگەردا یەک دەگرنەوە. ئەم هاوپەیمانییە خاڵی وەرچەرخانە بۆ مسۆگەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە ئایندەی سیاسیی ئێراندا.