هەواڵدەریی "سیئێنئێن" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە ئەرتەشی ئەمریکا پلانی نوێی بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمی و ژێرخانە وزەکانی کۆماری ئیسلامی ئامادە کردووە؛ ئەم پلانە پێشبینیی بەکارهێنانی بۆمبی "دایکی هەموو بۆمبەکان"، کە بەهێزترین بۆمبی نازیرەکی ئەمریکایە، لەخۆ دەگرێت.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم پلانانە دەکرێت لەژێر فەرمانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێش یان پاش هەڵبژاردنەکان جێبەجێ ببن.
ترامپ داوای کردووە هێرش بکرێتە سەر ژمارەیەکی زیاتری ئامانجەکان، لەوانە ژێرخانی وزە. بەپێی ئەو پلانە، ئەمریکا ئەگەری هەیە لەدوای ئەو هێرشانە سەرکەوتنی خۆی ڕابگەیەنێت و هێزەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە.
سەرچاوەیەک ڕایگەیاند لە پلانەکاندا بەکارهێنانی ئەم بۆمبە زەبەلاحە بۆ لێدانی ژێرخانە ئەتۆمییە ژێرزەوینییەکان، لەوانە "کێوی پیکاکس" دانراوە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی خۆی لە لێدوان بەدوور گرت، بەڵام جەختی کردەوە کە ترامپ هەموو بژاردەکانی لەسەر مێز هێشتووەتەوە تاکوو دڵنیا ببێتەوە کۆماری ئیسلامی هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕاناگات.