لە درێژەی شەڕ و تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان لە بەلووچستاندا، دوو شەڕ و تێکهەڵچوونی چەکداری لە ناوچەکانی مێهرستان و ئێرانشار ڕوویان دا و چەندین فەرماندە و هێزی سەربازیی ڕێژیم و فاتمیوون کوژراون و زیانێکی زۆر بەر هێزەکانی ڕێژیم کەوتووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، هێزێکی چەکدار لە شاری مێهرستانی بەلووچستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هێزە سەربازییەکان کردووە، کە لە ئەنجامدا چەند پلەدارێکی ڕێژیم کە ناوی دوو کەسیان بە ناوەکانی گرووهبان یەکەم "محەممەدعەلی شەهریاری" و ئەفسانە عەقیلا فەرماندەی سەربازی ئاشکرا کراوە، کوژراون و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی دۆخی ئاڵۆزی توندی ئەمنی لە بەلووچستان، هێلیکۆپتێرە سەربازییەکان و هێزی فڕۆکەوانیی سپای تێرۆریستیی پاسداران جگە لە ئێرانشار، لە ئاسمانی ناوچەی سنووری «ڕیگ مەلک»ـی شارستانی میرجاوەشدا، دەستیان بە فڕین کردووە.
ئەم جووڵە ئاسمانییە فراوانانە لە دوای ڕووداوەکان و تێهەڵچوونە قورسەکانی ئەمڕۆ لە مێهرستان و ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لەسەر ئاستی ناوچە جیاکانی بەلووچستاندا توندتر بوونەتەوە.
هەتا ئێستا هیچ هێزێکی چەکدار ئەم هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
هەرکام لە ئەو ڕووداوانەی کە بریتی بوون لە تێهەڵچوونی ١٢ کاتژمێری و خوێناوی لە ناوچە بەرزەکانی چای ئەحمەدی تەفتان (کە بووە هۆی کوژرانی پاسدار یاسر باقری لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ کەس لە چەکداری فاتمیوون و خستنەخوارەوەی فڕۆکە و ئامێرە فڕیوە سەربازییەکان)، تەقینەوەی مین لە پیرسوورانی کۆرین، هێرشی چەکداری بۆ سەر بنکەی فاتمیوون لە ڕەمینی چابەهار، و گواستنەوەی کەموێنەی چەک و تەقەمەنی و مووشەکبارانکردن لە کەناراوەکانی مەکران و دەشتیاریدا.
جێی باسە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چەندین تێهەڵچوونی چەکداری لە ناوچە جیاوازەکانی بەلووچستان، لەوانە زاهێدان، سەراوان، ئێرانشار، ڕاسک، چاهـ ئەحمەدی تەفتان، چابەهار، پیرسوورانی کۆرین، ڕاگەیەندراوە و بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی زۆربەی ئەو هێرشانەی گرتووەتە ئەستۆ.