فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، بەلەمێکی ڕێژیمی ئێرانی لە دەریای عومان بە ئامانج گرت و تێکیشکاند.
بە وتەی سێنتکام، ئەم بەلەمە پاش ئەوە کرایە ئامانج کە دەرکەوت سەرقاڵی چاوەدێریکردن و دیاریکردنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا وەک ئامانج لە ناوچەکەدا بووە.
سێنتکام هەروەها جەختی کردەوە کە لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا، سپای تێرۆریستیی پاسداران لە هەڕەشەکردن لە دەریاوانە مەدەنییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بەردەوام بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێش تێکشکاندنی ئەو بەلەمە، خەدەمەکەی بە سەلامەتی لێی دەرچوون و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان بەردەوامە.
لەلایەکی ترەوە، سێنتکام لە ١٠ی ئۆکتۆبردا ڕایگەیاندبوو کە کەشتییەکی بازرگانیی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران بە ناوی "ئاریکا سان" بە ئاڵای پانامای لە دەریای عومان پەک خستووە.
ئەمەش دوای ئەوە بوو کە سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکان، ئەو کەشتییە هەوڵی داوە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنێت، گەرچی لەم هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی بە خەدەمەی کەشتییەکە نەگەیشت.