دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد کە بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆدانی شاری تەعز لەلایەن حوسییەکانەوە بەپەلە هەنگاو بنێن، و هۆشداریی دا کە بەردەوامیی ئەم دۆخە ڕەنگە ببێتە هۆی «کارەساتێکی مرۆیی گەورە».
ئەفراح ئەلزوبە، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی یاسایی یەمەن، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش و ژمارەیەک لە بەرپرسانی نێودەوڵەتی، هۆشداریی دا کە پەرەسەندنی هێرشەکانی حوسییەکان و سنووردارکردنە سەپێنراوەکان بەسەر تەعز و ئاواییەکانی دەوروبەریدا، ژیانی زیاتر لە چوار میلیۆن کەس دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو داوای گوشاری ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتیی بۆ لابردنی دەستبەجێی گەمارۆکان، کردنەوەی سەرجەم ڕێگاکانی گەیشتن بە تەعز و مسۆگەرکردنی دەستپێڕاگەیشتنی خەڵک بە خۆراک، سووتەمەنی، ئاوی خواردنەوە و یارمەتییە مرۆییەکان کرد.
وەزیری دەرەوەی یەمەن هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و بەدواداچوون بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی کردەوە و وتی: «دۆخی مەترسیداری تەعز پێویستی بە هەنگاوی کرداریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە و تەنها دەربڕینی نیگەرانی بەس نییە».
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو تێچوویەکی ماددی و چەکوچۆڵی گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکان دابین دەکات و لە ناسەقامگیری و نائارامیی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە و پێشتریش بەرپرسانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن هۆشداریی توندیان بە ڕێژیمی ئێران دابوو کە بە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە تێرۆریستییە، دەستێوردان لە کاروباری ئەو وڵاتە دەکات.