کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی گەمارۆی نوێ لەلایەن واشنگتۆنەوە؛ پەکخستنی پیشەسازیی ماشین و هێڵی ئاسنینی ڕێژیم

10:40 - 10 رەزبەر 2726

لە درێژەی هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا، وەزارەتی دارایی ئامریكا توندترین سزای خستە سەر دوو کەرتە شادەمارییەکەی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و شیرکەتە زەبەلاحەکانی ماشینسازی و هێڵی ئاسنینی خستە لیستی سزاکانییەوە.

نووسینگەی کۆنتڕۆڵی سەرمایە بیانییەکانی وەزارەتی دارایی ئامریکا ڕایگەیاند کە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاریی ۱۳۹۰۲، لەمەدوا هەرجۆرە چالاکییەک لە کەرتەکانی ماشینسازی و گواستنەوەی هێڵی ئاسن لە ئێراندا، ڕاستەوخۆ دەبێتە ئامانجی سزادان.

ئەم سزادانە ئابوورییە شیرکەتە گەورەکانی وەک "ئێران‌خۆدرۆ"، "سایپا"، "پارس‌خۆدرۆ"، "زامیاد"، "هێپکۆ" و "شیرکەتی هێڵی ئاسنینی کۆماری ئیسلامی"، "شیرکەتی شەمەندەفەری ڕەجا" و "شیرکەتی هێڵی ئاسنینی گواستنەوە و گەیاندن"ی گرتووەتەوە.

هەروەها، جگە لەوەش تۆڕێک لە شیرکەتە پشتیوانەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی چین، تورکیە، ئێمارات، ئاڵمان و ئەندۆنێزی خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.

لەلایەکی دیکەوە، دوو کەسی سەر بە ڕێژیم بەناوەکانی، ڕامین کشوەردووست و مەهنووش پوورسەڕاف هەمەدانی، خرانە ناو لیستی سزاکانەوە.

سکات بێسێنت، وەزیری زەخێنەداریی ئامریکاش جەختی کردەوە کە ئامانجی ئەم پەلامارە ئابوورییە، وشککردنی تەواوەتیی سەرچاوە داراییەکانی "ماشینی شەڕ و تۆقاندن"ی تارانە.

بەم ڕێکارە، هەر دامەزراوەیەکی دارایی یان شیرکەتێکی دەرەکی کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەم کەرتە ئیفلیجکراوانەدا بباتە پێش، تووشی بڕینی پەیوەندی و سزای لاوەکی دەبێتەوە.