کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواکەوتنی مووچەی کرێکارانی ئاوی ناوچەیی ورمێ

11:29 - 23 رەزبەر 2726

هەواڵدەریی "هێرانا ڕایگەیاند کە ٧٥ کرێکاری گرێبەستی بەشی گەڕان و پشکنینی سەرچاوەکانی ئاو لە شیرکەتی ئاوی ناوچەیی ورمێ، شەش تا حەوت مانگە مووچەیان دواکەوتووە و تووشی کێشە و ئاستەنگی سەختی بژێوی بوونەتەوە، بۆیە داوای بەپەلەی هاتنەدەنگی بەرپرسانی پارێزگاکە دەکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، یەکێک لە کرێکارەکان ئاشکرای کردووە کە پێدانی مووچە دواخراوەکانیان ڕاگیراوە و گۆڕینی بەردەوامی شیرکەتەکان هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشە و گرفتەیە؛ چونکە نە شیرکەتی ئاوی ناوچەیی و نە شیرکەتە نوێیەکان ئامادە نین بەرپرسیارییەتیی دانی داواکاری و مووچەکانی پێشوو لەئەستۆ بگرن.

ئەو کرێکارە ڕایگەیاندووە کە پێدانی مووچەکانیان لە ڕەشەمەی ١٤٠٤ دواکەوتووە و لە ماوەی ئەم حەوت مانگەدا تەنیا دوو مانگ مووچەیان وەرگرتووە، کە دوایین مووچەی پێدراویشیان لە مانگی گەلاوێژدا بووە.

 هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بڕە پارەیەی وەریشیدەگرن بەبێ ژماردنی کاتژمێری زیادەکاری و ئێمتیازەکانە و لە بەرانبەر گرانیی بازاڕدا هیچ ناکات.

ئەم کارمەندانە بە درێژایی ساڵ، بەبێ دابڕان بۆ ڕێگری لە زێدەڕۆیی و بەفیڕۆدانی ئاوی سەر زەوی و ژێرزەوی کار دەکەن، کەچی ئێستا کەوتوونەتە ناو دڵەڕاوکێی زۆر سەبارەت بە مەترسیی لەدەستدانی کارەکانیان، بیمە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکانیان.

کرێکاران داوایان کردووە بەرپرسان بەپەلە پارە تەرخان بکەن و تەواوی مووچە دواکەوتووەکانیان بۆ قەرەبوو بکەنەوە.